ئه‌مشه‌و مانگگیرانى ته‌واو له‌ ئاسمانی كوردستان رووده‌دات

 	 ئه‌مشه‌و مانگگیرانى ته‌واو له‌ ئاسمانی كوردستان رووده‌دات
ئه‌مشه‌و دیارده‌ی فه‌له‌كی، مانگگیرانی ته‌واو، كه‌ به‌ مانگی سوور و "مانگی خوێنی"یش ناوده‌برێت، له‌ ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان رووده‌دات و ئاماده‌كاریش بۆ بینینی دیارده‌كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت.

مانگگیرانه‌كه‌ نزیكه‌ی 4 كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، ئه‌وه‌ش درێژترین ماوه‌ی مانگگیرانه‌ له‌ سه‌ده‌ی 21 تاكو ئێستا.

كاتژمێر 9:24 خووله‌ك، مانگ ده‌چێته‌ ناو سێبه‌ری ته‌واو (ئه‌مبرا) كه‌ تاریكترین ناوچه‌ی سێبه‌ره‌كه‌یه‌ و تا كاتژمێر 11ی شه‌و، مانگ به‌ ته‌واوی له‌ ناو سێبه‌ری زه‌وی ون ده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی شارازه‌یانیش، ورده‌كاری دیارده‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت:

- کاتژمێر 9:24 خووله‌كی شەو دەست پێدەکات.

- کاتژمێر 1:19 خووله‌كی بەیانی کۆتایی دێت.

- ماوەی مانگگیران بە گشتی نزیکەی 4 کاتژمێر ده‌خایه‌نێت.

- ماوەی مانگگیرانی تەواو (ماوەی تاریک بوون) 1 کاتژمێر و 42 خوولەک و 54 چرکە ده‌بێت .

- دووری مانگ لە زەوی لە ماوەی مانگ گیران 403 ھەزار كیلۆمه‌تره‌، ئەمەش ھۆکاری درێژترین ماوەیە بۆ تێپەڕبوون لە سێبەری زەوی.

به‌ گوێره‌ی تۆمارە فەلەکییەکان, لە سەدەی رابروو (1901 تاكو 2000), لە ھەموو جیھان 230 جار دیارده‌ی مانگگیران روویداوە.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ش، 81 جار مانگگیرانی تەواو بووه‌، 66 جاریش مانگگیرانی نیمچەیی و 83 جار مانگگیرانی نیمچە سێبەر بووە.
kdp-
Top