یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی میلیشای حەشدی شەعبی لە کەرکووک کوژرا
عەقید فەرهاد فازیل، بەڕێوەبەری بنکەی ئاسایشی کوردستان لە کەرکووک، ڕايگەیاند: "کاتژمێر 12:15 خولەکی شەوی ڕابردوو 26 لەسەر 27\7\2018، (عەبدولزەهرا جەليل) بەرپرسی هەواڵگری چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبین، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژراوه".
ئەو بەرپرسیەی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی دوور سک لە ناو کەرکووکدا کوژراوە و گوتیشی: ”دۆخی ئەمنی کەرکووک زۆر خراپە و ئاڵۆزە“.
دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بەهۆی خیانەتی گرووپێکی خیانەتکارەوە، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستی بەسەردا گیرا، لەوکاتەوە دانیشتوانی ئەو شوێنانە لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
باسنيوز
