ھۆزە عەرەبەكان: داعش بە ھێزێكی زۆرەوە لە مووسڵ و سەڵاحەددین نماییشی سەربازی دەكات
لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، جارێكی دیكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان داعش سەری ھەڵداوەتەوە، كە بەردەوام لە بەھێزبووندایە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھێزە عێراقییەكانیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان نییە و دەرەقەتیان نایەن.
گوتەبێژی ھۆزە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، مزاحم ئەلحوێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بۆ مووسڵ و سەڵاحەددین و لە ناوچەی بەعاج و حەزر و تەلعەبتە و ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای سەڵاحەددین، بە چەك و ئالیەتی زۆرەوە نماییشی سەربازی ئەنجام دەدەن، ماوەی سێ رۆژیشە بەردەوامن لەو نماییشانە و خۆیان رێك دەخەنەوە".
ئەلحوێت گوتیشی، ژمارەیەكی یەكجار زۆری چەكدارانی داعش بەشدارییان لەو نماییشە سەربازییەدا كردووە، دوای ئەوەی ئەو چەكدارانە لە رێگەی ناوچەی جەزیرە لە سووریاوە ھاتوونەتە عێراق.
گوتەبێژەكەی ھۆزە عەرەبەكان ئاشكرایشی كرد: "ئەو نماییشە سەربازییەی چەكدارانی داعش لە مووسڵ و سەڵاحەددین ئەنجامیان داوە، لەو ناوچانە بووە كە لە ژێر دەستەڵاتی حەشدی شەعبیدانە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق زۆر لاواز و بێتوانان، چونكە داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە ئاگاداری گەڕانەوەی داعش بن، بەڵام ھیچ وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە".
باسی لەوەش كرد، مەترسیی زۆر ھەیە جارێكی دیكە داعش دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێتەوە، چونكە ئەم نماییشە ھاوشێوەی ئەو كاتەیە كە مووسڵیان كۆنتڕۆڵ كرد.
دەشڵێ، پێویستە ھەرچی زووترە ھاوپەیمانان بێنە سەر خەت و بۆردوومانكردنی داعش دەست پێبكەنەوە، ئەگەر نا لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ناوچانە دەكەونەوە دەستی داعش.
kdp-
