عەبدوڵڵا مەلا سەعید گرتكی بە زۆرترین دەنگ بووەوە بە سەرۆكی یەكێتیی زانایان

عەبدوڵڵا مەلا سەعید گرتكی بە زۆرترین دەنگ بووەوە بە سەرۆكی یەكێتیی زانایان
سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان گوتی، كۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی زانایان بە سەركەوتوویی كۆتایی ھاتووە و، پلانی كاركردنی داھاتوویشمان گرنگترینیان ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی و بەرزكردنەوەی ھەستی نەتەوایەتی دەبێت.

كۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، بە سەركەوتووی كۆتایی ھات و تێیدا سەرۆك و دەستەی نوێی یەكێتیی زانایان ھەڵبژێردران و جارێكی دیكە د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسی گرتكی، بە زۆرترین دەنگ بووەوە بە سەرۆكی یەكێتیی زانایان و لە كۆی ٢٦٠ئەندامی كۆنگرە، ١٧٦ ئەندام دەنگیان پێ داوە و ٣١ئەندامیش بۆ سەركردایەتی ھەڵبژێردران.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، د. مەلا عەبدوڵڵا گرتكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایانی ئایینی توانرا كۆنگرەی شەشەمی یەكێتیی زانایان ببەسترێت، كە ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەو و پڕۆگرام و پلانی یەكێتیی زانایان كرا، كە گرینگترین ئەو تەوەرەی قسەی لەسەر كرا، بەھێزكردنی پێگەی مامۆستایانی ئایینی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی بوو، هەروەها تەوەری دووەم كە جەختی لەسەر كرایەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی بوو، چونكە پێویستە ھەمووان ھاوكار بن بۆ دژایەتیكردنی ئەو فكرەیە، لەبەر ئەوەی مەترسییەكی جیددییە لەسەر ھەرێمی كوردستان و گەنجانی ئێمە".

سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی گوتیشی، تەوەرێكی دیكەی كۆنگرەی یەكێتی زانایان، بایەخدان بوو بە ھەستی نەتەوایەتی، چونكە ئەمە كاریگەریی زۆری ھەیە لەسەر ئەدای مامۆستایانی ئایینی و، كوردستان بەرەو تەحەدیاتی گەورە و كێشەی گەورە رۆییشتووە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی لە رابردوودا چۆن بایەخیان بە ھەستی نەتەوایەتی داوە، پێویستە لەئاییندەشدا بەردەوام بن، بۆیە درەنگانی شەوی ڕابردوو كۆتایی بە كۆنگرە ھات و سەركردایەتیەكی نوێ ھەڵبژێردرا لە سەرتاسەری كوردستاندا.

گرتكی ڕوونیشی كردەوە: "٣١ مامۆستای ئایینی بۆ سەركردایەتی یەكێتیی زانایان سەركەوتنیان بە دەست ھێنا و منیش بووم بە سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، هەروەها ئەو ٣١ئەندامەیش بەپێی رێژەی جیۆگرافیای پارێزگاكان دیاری كران و ھەڵبژاردنەكەیش بۆ مامۆستایانی ئایینی كراوە بوو".

kdp-
Top