د. سالار عوسمان: مەلاكان كەمتەرخەمن و دەبێت حكوومەت واز لە مجامەلەیان بێنێت
دكتۆر سالار عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "پرسی تیرۆر و توندڕەوی، پرسێكی زۆر هەستیار و گرینگە، چونكە پەیوەندی بە ژیانی كۆمەڵگەوە هەیە، پێم وایە قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، دەبێت راشكاوانە بێت و دووریش بێت لە مجامەلە، زۆر بە راشكاوی تیرۆر و توندڕەوی، پرسێكی كولتووریی ئایینییە، دەبێت لە دەرگای دینەوە بچینە ناو لێكۆڵینەوەی، لەبەر ئەوەی تایتڵی توندڕەوی وابەستەی ئایینە، لێرەوە دەبێت روومان لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام بێت، كە بە تەفسیر و تەئویل و لێكدانەوەی جودای دینیدا بچنەوە".
دكتۆر سالار ئاماژە بە داشبوونێكی مەترسیدار دەكات، كە پێك هاتوون لە دوو بەرە، ئەوانیش بەرەی ئیلحاد و بەرەی ئیمان، پێی وایە دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو دوو بەرەیە بگوازرێنەوە بۆ بەرەیەكی نیقاشی قوڵی كولتووری، كە دەكرێت هەردوو بەرە واز لە روئیا ئیلحادی و ئیمانییەكانی خۆیان بێنن و بێن مناقەشەی خۆیان بكەن.
بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری، پێی وایە پیاوانی ئایینی و شارەزایانی ئیسلام ئەركی سەرشانیانە، كە توندڕەوی ئیسلام نەهێڵن و بیگوازنەوە بۆ مناقەشات و لێكتێگەییشتن، ئەو هۆكارێكی دیكەیش بۆ مێدیا دەگێڕێتەوە، كە بە هۆی ململانێی سیاسییەوە، ژیانیان نادیدە گرتووە، هاوكات رۆڵی حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكانیش كەم نییە، كە دەبێت هاووڵاتیان هۆشیار بن و هاوكاریان بن، لەبەر ئەوەی هەر توندڕەوێك لە هەر شوێنێكی ئەم كۆمەڵگەیەدا بوونی هەبێت، تاریكی بڵاو دەكاتەوە، هاوكات ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە بەردەم مەترسیی مەرگەوە، كاتێكیش هاووڵاتیان هاوكاری حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكان بوون، ژیان دەپارێزرێت، كۆی مۆزایكی ژیان و مرۆڤایەتی دەپارێزێت".
دكتۆر سالار، باوەڕیشی وایە كە تیرۆری ئایینی، یەكەم زەڕبەی لە فرەڕەنگیی مرۆڤ و كۆمەڵگە دەدات، ئایین دەیەوێت تاكەڕەنگ و تاكەدەنگ هەبێت، ئەوەش ناكۆكە لەگەڵ دیموكراسییەت و ئەو سەقافەت و پێكەوەژیانە كلتوورییەی، كە ئێستا هەیە، دەیەوێت لە ناوی ببات، ئەوەش مەترسیدارە.
ئەو راستییەش روون دەكاتەوە، كە لە هەناوی ئیسلامدا جۆرێك لە توندوتیژی هەیە، ئەو توندوتیژییەش موفەسیرین بۆچوونی جیاوازیان لەسەری هەیە، موجتەهیدینی دینی ئیسلام و تەئویلكارانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە، وەك سەلەفییەكان و تەكفیرییەكان و زۆری تر، بەڵام بەشە خراپەكەیان بەشی تەكفیرییە، كە لە نێو كوردستان بوونیان هەیە، تەنانەت لە نێو شەقامەكانیشدا هەن، هەر بە نموونە رووداوەكەی پارێزگای هەولێر، بۆ نەهێشتنی ئەو فكرە توندڕەوییەیش، دكتۆر سالار گوتی: "دەبێت بە گۆڕانكاریی ئهو دهقانهدا بێینەوە، نەك سەوابتی دهق، چونكە سەوابت دەقێكە و دەستكاری ناكرێت، زانایانی ئایینی لە گۆڕانكاریی تەفسیرات كەمجورئەتن، بە داخەوە مامۆستایانی ئایینی و هەندێ جاریش یەكێتیی زانایانی ئایینی، لە نێوان مجامەلەی دەسەڵات و مێدیا و مسوڵمانان و تونڕەوەكان، ناتوانن خاوەن بۆچوونی جیاواز بن، كە هەڵگری ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بێت، هاوكات دەشڵێ، "هەر دەقێك رێز لە مرۆڤایەتی نەگرێت لەوپەڕی ئیماندارییەوە تا ئەوپەڕی بێئیمانی، دەبێت جارێكی دیكە تەفسیر بكرێتەوە، ئەویش لە پێناو پاراستن و برەودان بە پێكەوەژیان، دەشبێت حكوومەتی هەرێم و پیاوانی ئایینی و یەكێتیی زانایان بێن و بە دهقانهدا بچنەوە، كێش لایدا، حكوومەت شەرمی لێ نەكات و بیداتە دادگا".
دكتۆر سالار، بە سەرسووڕمانیشەوە ئاماژە بەو هەموو مجامەلانە دەكات كە هیی پیاوانی ئایینی كراوە، تا ئەو رادەیەی مەلا هەبووە قسەی نەشیاوی بە سوڵتە و خاك و پیرۆزییەكانی نەتەوە داوە، كەچی هەر مجامەلەیان كراوە، "ناكرێت وای لێ بێت تاكی كورد بە ناوی دینەوە پشت لە خاك و نەتەوەی خۆی بكات، كاتی ئەوە نەماوە بە ناوی دینەوە مرۆڤ بكوژیت و پێكەوەژیان و فرەڕەنگ و فرەدەنگ كۆتایی پێ بێنی".
پێشی وایە، مەلاكان زۆر كەمتەرخەمن و دەبێت حكوومەتیش واز لە مجامەلەی مەلاكان بێنێت و سنوورێكیان بۆ دابنێت.
kdp-
