نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نووژین مستەفا كرد
لە دیدارێكدا، خاتوو نووژین وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دیداری بەڕێزیان، پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی پەنابەرانی سووریا لە دەرەوەی وڵات پێشكەش كرد و، هیوای خواست حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیران پشتیوان و هاوكاری كار و چالاكییەكانی بن، بە تایبەتی كە بەنیازە بۆ خزمەتی زیاتر ڕێكخراوێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ پەنابەران دابمەزرێنێت.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە خاتوو نووژین، پشتگیریی خۆی بۆ سەرخستنی كار و چالاكییەكانی نیشان دا و هیوای خواست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەردەوام بێت تاكو بە بێ جیاوازی ببێتە دەنگی هەموو پێكهاتەكانی سووریا، بەو هیوایەی دۆخی ئەوێ ئاسایی ببێتەوە و هەموو پەنابەران بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێكی ئاسایی بكەنەوە.
خاتوو نووژین مستەفا كە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، خەڵكی كۆبانییە و بە مەبەستی بەشداریكردن لە پڕۆگرامی تێدێكس نیشتمان لە هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
kdp-
