شارەزایەکی ئایینی، هەندێ کتێب هۆکاری بەرهەمهێنانی تیرۆرن

شارەزایەکی ئایینی، هەندێ کتێب هۆکاری بەرهەمهێنانی تیرۆرن
شارەزایەکی ئایینی ئیسلام پێی وایە هەندێ کتێبی شارەزا ئیسلامییەکان هۆکاری دروستکردنی تاکی توندڕەو و تیرۆریستن و مەلایەکی ئایینیش ڕەتی دەکاتەوە و پێی وایە بە هۆی شارەزانەبوون لە فیقهی شەرعدا ئەو جۆرە کەسانە دروست دەبن.



بەرهەم ئەحمەد، کە شارەزای ئایینی ئیسلامە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەتا پێویستە ئەوە لەبەرچاومان ڕوون بێت کە تاکی کورد لە ڕووی دەروونییەوە، جا چ هۆکارەکەی جوگرافی بێت، یان کەمیی مەعریفەی مێژوو، تاکێکی لەرزۆک و ساویلکەی تێدا بەدی دەکرێت، مرۆڤانێک هەن ئەو سنوورە وەهمییە دەشکێنن و سەرئەنجام دەتوانن بەسەر تاکە لاوازەکاندا دید و ئایدیا و بۆچوونەکانیان بسەپێنن و وابەستەیان بکەن بەو شێوازەی مەبەستیانە، کە ئەویش پەروەردەکردنی تاکێکی توندڕەو و تیرۆریستی ئایینییە" .



لەسەر پەروەردەکردنی تاکی توندڕەو و تیرۆریست، مەلا عومەر چنگیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەیوەندیی بە ناشارەزایی هەندێ مەلاوە هەیە، کە توانای تێگەیشتنیان لە فیقهی شەرعدا نییە، زۆربەی مەلاکان تەنیا بڕوانامەیەکی ڕۆتینییان بەبێ بوونی زانستەکە هەیە".



بەرهەم ئەحمەد پێی وایە: "مرۆڤی ناتەندروست ئەو کەسەیە هەست بە توانا و ژیری و گەورەییی خۆی نەکات، هەمیشە دەگەڕێت کەسێک لە سەرووی خۆیەوە بدۆزێتەوە بۆ ئاراستەکردنی، کە ئەوەش زۆر ئاسانە و مامۆستایانی ئایینی بە مەبەست بێت، یان بێ مەبەست، دروستکەری یەکەمی ئەو جۆرە مرۆڤ و بیرکردنەوەیەن، وەک دەگوترێت (تعددت الاسباب والموت واحد)، واتە هۆکارەکان زۆرن و مردنیش هەر یەکە، چونکە بێئاگا لەوەی باسەکانیان چۆن و بە چ شێوازێک کاردانەوەی لەسەر مرۆڤی لاواز دروست دەکات، وتارەکانیان دەدەن و جۆرەها بەسەرهات باس دەکەن، کە پاڵنەری توندوتیژین."



ناوبراو هۆکاری کەمیی ئاستی زانین و کەمیی هۆشیاری و دروستکردنی هەستی ئەوەی کە ستەمت لێ کراوە لە تاکی لاوازدا، هاوکات دروستکردنی حەزی تۆڵەسەندنەوە لە ناخیدا و بەڵێندان بەوەی کە هاوکارت دەبین بۆ تۆڵەکرنەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک و سوڵتەیەکی نموونەیی، کە تاکی باوەڕدار تێیدا بەرزەمرۆڤە، هەروەها دەیان و سەدان درۆی ئامانجداری تر، دەبنە هۆکار لە پاڵ ئەو مەفهومە عەقائیدییەدا، کە وەها تاکێکی توندڕەو و تیرۆریستی لێ دەرچێت.



بەرهەم ئەحمەد ئەوەیش دەخاتە ڕوو، ئەوانەی برەو بە خوێندنی وانەکانی عەقیدە و مەفهومی ''وەلائو بەراء'' دەدەن، هۆکاری سەرەکیی توندوتیژی و تیرۆری ئایینین و ئامانجێکی تایبەتیان هەیە و بەردەوام لە هەوڵدان بۆ گەورەکردنی بازنەی دەسەڵاتیان، ئەویش لە ڕێی پێگەیاندنی هەندێ کەسی لاواز، کە دواتر تیرۆریستێکی لێ دەردەچێت بە تایبەت کتێبەکانی ئیبن تەیمییە و ئیبن قەییم، مەترسیدارن و دەبێت لە مزگەوتەکاندا خوێندنیان قەدەغە بکرێت، ئەوەش ئەرکی حکوومەتە.



بەڵام چنگیانی ئەوە ڕەت دەکاتەوە، کە کتێبی زاناکان هاندەری توندوتیژی بن، یانیش دەقی قورئان و دەڵێ: "کتێبی هیچ زانایەک هاندەری توندوتیژی نین، کە شارەزا بێت بە شەرعی خودا، کەسێک نەزان بێت قورئانیش بخوێنێتەوە، دەبێتە تیرۆریست، یانیش کەسێکی مەسیحی نەزان بێت بە خوێندنەوەی سەقەتی دەقێکی ئینجیل تیرۆریست دەردەچێت، بۆیە پەیوەندیی بە خودی دینەوە نییە، بەرامبەر لە هیچ دەقێکی قورئاندا نەهاتووە بڵێ ڕقمان لە نەیارانی دینی ئیسلام بێت، ئەویش بە مەرجێ سنوورمان نەبەزێنن، بە کورتی تێنەگەیشتنە لە فیقهی دین کەوای کردووە، ئەو تەوژمە دروست ببێت".



چنگیانی پێی وایە هۆکاری دروستبوونی خەڵکانی توندڕەو و تیرۆریست، زۆرن و بەشێکی بۆ لەدەستدانی پەیامی مزگەوتەکان دەگەڕێتەوە، کە مامۆستاکانی ئێستا لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نین، لە لایەکی تریشەوە بێ پەیامییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مامۆستاکان وابەستە نین بەو پەیامە پاک و پڕ لە لێبووردەیەی لە ئایینی ئیسلامدا هەیە، بۆیە ئەو حاڵەتانە ڕوو دەدات، هەربۆیەشە ئەو پەروەردە سەقەتە لە هەندێ مزگەوتدا لەسەر خەڵکی هەیە، بەرهەم ئەحمەدیش پێی وایە مەلاکان بە مەبەست بێت، یا بێ مەبەست، هەندێ باس هەن لە وتارەکانیان دەیانڵێن، دەبێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی تاکی توندڕەو کە دواجار پەنا بۆ کاری تیرۆریستی دەبات.



هەربۆیەشە مەلا عومەر بە باشی دەزانێت پەیامی مزگەوت بگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی و بە لاڕێدا نەبرێت، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە خودی خۆی ٧ هەفتەیە وتار لە مزگەوتێک دەدات و بە هیچ شێوەیەک وتارەکانی ڕووچوونە ناو کاری سیاسییەوە نین، بەڵکو بریتی بوون لە زانستی ئیسلام.
kdp-
Top