گۆڕان داوا دەکا سزای هەر حزبێک بدرێ کە پشتگیریی تیرۆریستان دەکا

 گۆڕان داوا دەکا سزای هەر حزبێک بدرێ کە پشتگیریی تیرۆریستان دەکا
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێ، هەر حزبێک لە کوردستان پشتگیری لە تیرۆریستان بکات، لەلایەن حکوومەتەوە سزا بدرێت.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند:" سەرباری ھەموو کەموکوڕییەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، تیرۆریستان و ناحەزانی وڵات دەیانەوێ پەشێوی و کێشەی ئەمنیمان بۆ دروست بکەن، ئێستا تیرۆریستانی داعش کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئارامیی وڵاتان تێک بدەن، بێگومان تیرۆریستانی داعش ئامانجیان ئەوەیە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان تێکبدەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەو چەند کەسەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا دزەیان کردە ناو باڵاخانەی پارێزگاری ھەولێر، مەبەستیان پەشێوی بووە، هەرچەندە ”باشترە ئێمە لەڕووی ئەمنییەوە دەروازەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین، ھەروەھا ھەموومان ھەوڵی ئەوە بدەین، ئاسایش و ئارامیی وڵاتەکەمان بپارێزین و ڕێگە نەدەین تیرۆریستان زەفەر بە هاووڵاتییانی کوردستان بدەن، بۆیە پێویستە دەزگا ئەمنییەکان چاو کراوەتر بن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە: ”هەر حزبێک یان ھەر گرووپ و ڕێکخراوێکی دیاریکراو، ھەوڵی ئاژاوەنانەوە بدات یان پشتگیری لە تیرۆرستان بکات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێ سزای ئەو گرووپ و ڕێکخراو و کەسانە بدات کە پشتگیری لە کاری تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی دەکەن“. گوتیشی: ”ئەوانەی پێیان خۆشە لە ھەولێر و سلێمانی کاری تێکدەرانە ئەنجام بدرێت، هیچ لە مرۆڤایەتی نازانن، چونکە ئێمە ھەموومان کوردین و دەبێ لەگەڵ یەکڕیزی و پاراستنی دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەماندا بین“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە ڕادەستکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تۆمەتبارن، بە شێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی لەو توندڕەوانە دەکەن کە گومان دەکرێت لە پشت کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێرەوە بن.









باسنيوز
Top