ژمارەیەک چەکداری نەناسراو چوار کەسی خانەوادەیەک بریندار دەکەن
رووداوەکە درەنگانی شەوی چوارشەممە 25/7/2018 لە گەڕەکی راپەڕین رووی داوە و تێیدا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو چوونەتە سەر ماڵێک و سێ کوڕ و باوکێکیان بە چەقۆ بریندار کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، برینی دوو لە بریندارەکان سەختە و تاوەکو ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە، کە بە چی ھۆکارێک ئەو سێ کوڕ و باوکە بریندار کراون.
دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هاوکاریی گرووپی خیانەتکاری 16ـی ئۆکتۆبەر، دەیان میلیشیا و گرووپی چەکداریی تیرۆویستی و تاوانکاری لەو شارە بڵاو بوونەوە و هێز و میلیشیا عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانیان نییە.
ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد، کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنيوز
