مامۆستایانی ئایینی: ئەركە لەسەرمان بەرەنگاری بیری توندڕەوی ببینەوە

 	 مامۆستایانی ئایینی: ئەركە لەسەرمان بەرەنگاری بیری توندڕەوی ببینەوە
لە‌ پەیامێكدا بۆ یەكێتیی زانایان، سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان لە پارێزگاریكردن لە ڕەسەنایەتی و ڕەوشتبەرزی و خواناسی و نیشتیمانپەروەری و پاراستنی پێكەوەژیان و تەباییدا، ڕۆڵێكی پڕشنگدار و بەرچاوە و جێگەی پێزانینە و لە مێژووی گەلەكەماندا هەمیشە بە بەرزی یاد دەكرێتەوە". مامۆستایانی ئایینییش دەڵێن: "ئەركە لەسەرمان وەكوو مامۆستای ئایینی، بەرەنگاری بیری توندڕەوی ببینەوە".

زانا و پیاوانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، هەمیشە رۆڵی كاریگەر و بەرچاویان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی، پارێزگاریكردن و پاراستنی بەها كوردەوارییەكان، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا، هەبووە.

مەلا ئیحسان رێكانی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەڵاحەددینی ئەییوبی لە شاری دهۆك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مامۆستایانی ئایینی، رۆڵێكی ئەرێنی و بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەرووبوونەوەی بیری توندڕەوی لە هەرێمی كوردستاندا، بە تایبەت لە كاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش و بەر لەو كاتەش، ئەمەش نەك خێرە، بەڵكوو ئەركە لەسەرمان وەك مامۆستای ئایینی بەرەنگاری ئەو فیكرەی توندڕەوی ببینەوە، چونكە پەیامی ئێمە ئیسلامە و ئیسلامیش ئاشتییە نەك توندڕەوی، هەر چەندە مامۆستایانی ئایینی كەمتەرخەم نەبوونە لەم ڕووەوە، بەڵام دەبێت هێشتا خۆیان ماندوو بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی، چونكە دوژمنمان زۆرن و دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەك پەلامارمان بدەن".

ئەو مامۆستا ئایینییە ڕاشیگەیاند: "مێژووی شۆڕشەكانی گەلی كورد ئەگەر تەماشا بكەین، هەموویان پیاوانی ئایینی سەركردایەتییان كردوون تا دەگاتە بارزانی نەمر، دیارە میللەتی ئێمە زۆرینە موسوڵمانن و ئێمەیش دەبێت ئێستا تەواوكەری ئەو شۆڕشانە بین بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان، چونكە نەتەوە و ئایین هیچ كات لێك جیا نین".

ئەو هەروەها قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی لە هەرێمی كوردستاندا، بە گرینگ زانی و گوتی، ئیسلام هەمیشە جەخت لە پێكەوەژیان دەكاتەوە و لە كوردستانیش لەسەر تەواوی مامۆستایانی ئایینی پێویستە بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و ئێزدی و مەسیحی و تەواوی ئایینەكان، كار بكەین بۆ یەكڕیزی و برایەتیی زیاتر لەسەر ئەو خاكەمان، هەمیشە دەسەڵاتی ئێمەیش لە سەردەمی ڕەحمەتی (مەلامستەفا)ـوە تا ئەمڕۆیش، كە جەنابی (مەسعوود بارزانی) پێگەی تایبەتی لە كوردستان و دەرەوەیشدا هەیە، هەموو كات هاندەر و پشتیوانی پێكەوەژیان بوونە".‌

لای خۆشیەوە، مەلا خەواجە بەرواری، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی مەلا شوكری زاویتەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەركێكی گەورەیە لەسەر مامۆستایانی ئایینی لە بەرامبەر فیكری توندڕەوی لەسەر مینبەری مزگەوتەكان و ناو كۆمەڵگا و هەر شوێنێكی تر ڕابوەستن و هەموومان پێكەوە ببینە یەك دەست، كوردستان پێویستی بە هەموومانە‌ بە تایبەت مامۆستا قسەكانی لەناو كۆمەڵگا كاریگەرییان هەیە و دەبێت چۆن لە شۆڕشەكانی ڕابردوو رۆڵیان بینیوە، ئێستا بە هەمان نەفەس و زیاتریش رۆڵیان هەبێت لە شۆڕشی دژ بە فیكری توندڕەوی، تاوەكو ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین".

پێشنوێژ و گوتارخوێن لە شاری دهۆك، مەلا عیماد رێكانی، لەسەر هەمان پرس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "مامۆستایانی ئایینی كارێزما بوونە لە ڕاوەستان لە دژی بیری توندڕەوی، بە تایبەت لە كاتی هاتنی تیرۆرستانی داعش و پێشتریش هانی گەنجانمان داوە بۆ وڵاتپارێزی و پاراستنی بەها نەتەوەییەكانمان، ئەگەر رۆڵی مامۆستایانی ئایینی نەبا، زۆر گرووپی توندڕەو لەوانەیە سەریان هەڵبدایە، بەڵام سوپاس بۆ خوا وەكو مامۆستایانی ئایینی توانیومانە و هزر و بیرێكی میانڕەو بگەیێنین بە خەڵكی خۆمان تا بزانن ئیسلام زۆر دوورە لەو كارەی بەناو ئیسلامەوە ئەو گرووپە تیرۆرستیانە ئەنجامی دەدەن دژی مرۆڤایەتی".

وەك مەلا عیماد روونی كردەوە: "ئیسلام ئێمە هانمان دەدات بۆ وڵاتپارێزی و پاراستنی و دروستكردنی پێكەوەژیان و، دەبێ یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین بۆ بەرگریكردن لە خاك و دەستكەوتی خۆمان".
KDP-
Top