"حکوومەتی عێراق شسکتی خواردووە"

تا دێت خۆپێشاندانەکانی ناوچەکانی باشووری عێراق گەرمتر دەبن و خەریکە عێراق دەکەوێتە ڕەوشێکەوە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە، ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی سەلاحەدینیش پێی وایە، کارەساتە عێراق لە ساڵێکدا ١٤٠ ملیار داھاتی هەبێت و چوار سەعات کارەبا نەبێت.

دکتۆر کاوان ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە پێی دەستوور بێت دەسەڵات لە وڵاتی عێراق دیاری کراون لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە تا کۆتایی، بەڵام ئاشکرایە لە عێراق دەسەڵاتێکی شاراوە ھەیە، کە دەسەڵاتی دەرەکییە و ئەو دەسەڵاتە عێراق بەڕێوە دەبات، بێگومان کۆمەڵێک وڵات ئەجێندای خۆیان ھەیە لە ناو عێراقدا و لەو ڕێگەیەوە دەست دەخەنە نێو کاروباری وڵاتی عێراق، بەڵام لە بنەڕەتدا حکوومەتی عێراق حکوومەتێکی فاشیە بە ھەموو پێوەرە سیاسییەکان، ئەگەر تەنیا بودجە و داھاتی عێراق بکەینە نموونە لە ساڵانی ڕابردوودا خۆی لە ١٢٠ ملیار دەدات و بگرە گەیشتبووە ١٤٠ ملیار دینار."

دکتۆر کاوان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کارەساتە ھاووڵاتییەکی عێراق چوار سەعات کارەبای نەبێت، وەک دەگوترێت تەنیا بۆ کەرتی کارەبا ٤٠ ملیار دۆلار خەرج کراوە، کەرتی خزمەتگوزاری ھۆکارێکی سەرەکییە لە خۆپێشاندان و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی عێراق، پێم وایە ھۆکاری سەرەکیی خۆپێشاندانی ھاووڵاتیان بۆ بابەتی نەبوونی خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە، بەڵام کە خۆپێشاندان ئەنجام دران ئینجا دەستی دیکە ھاتنە نێو خۆپێشاندانەکانەوە."

ماوەی دوو حەفتە زیاترە شەپۆلێکی خۆپێشاندان شارەکانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و سەرەڕای چەندین بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی داخوازییەکان، خۆپێشاندەران ڕژدن لەسەر بەردەوامیدان بە خۆپێشاندان، ئەو پسپۆڕەی یاسا و ڕامیاری دەڵێت: "بێگومان ئەو خۆپێشاندانانەی ئێستا عێراق بە خۆیەوە بینیوە، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆتاییەکەی حکوومەت ھەر پێک دێت، چونکە پێشبینی ناکەم ھەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئێستا ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکانی باشووری عێراق، من لەو باوەڕەدام پەرلەمان ھەر کۆ دەبێتەوە و حکوومەتیش پێک دێت، بەڵام دوای دەخات دەکەوێتە سەرەتای ساڵی داھاتوو."

لەبارەی ڕۆڵ و پێگەی کورد لە نێو پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا دکتۆر کاوان ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "کورد کارەکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام ئەوەش پەیوەستە بەوەی کورد ھەتا چەند بە پڕۆژەیەکی یەکگرتوو دەچێتە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقەوە، ئەگەر بێت و کورد پڕۆژەی ھەبێت لەوانەیە تەنیا چەند پۆستێک لە کابینەی نوێی حکوومەت بە کورد بدرێت، بەپێچەوانەوە لەکاتی ھەبوونی پڕۆژەی یەکگرتوو زیاتر کاریگەری و ڕۆڵی دەبێت."
KDP-
Top