بەرپرسێکی کۆمسیۆن بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێ، ئەگەر بریکارەکان نانێرن دواتر گلەییش مەکەن

بەرپرسێکی کۆمسیۆن بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێ، ئەگەر بریکارەکان نانێرن دواتر گلەییش مەکەن
بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان داوا لە دەنگدەران دەکات بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن و دەڵێت، دەرگامان واڵا کردووە بۆ بریکاری لایەنە سیاسییەکان بۆ چاودێریی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام خۆیان نایەن و دواتر ھەر خۆیشیان گلەیی دەکەن.

ئارام نەجمەدین، سەرۆکی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی سەردانی ھاووڵاتیان بۆ ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە ئاسایی بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ڕێژەی بەشداریکردن چەندە، لەبەر ئەوە داوا لە دەنگدەران دەکەین لە ماوەی مانگێکدا سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ پشتڕاسترکردنەوەی ناوەکانیان، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ڕێژەی یاسایی بەشداریکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، بەپێچەوانەوە لە کاتی ھەبوونی ھەر گرفتێکدا بۆ ناوی دەنگدەر، لەوانەیە بێبەش بکرێت لە مافی دەنگدان."

لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٧٦ ناوەندی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کراونەتەوە و ڕۆژانە پێشوازی لە ھاووڵاتیان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانین. سەرۆکی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەمڕۆ کۆمسیۆنی ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکان داوای لە مامۆستایانی ئایینی کردووە ھاووڵاتیان ھان بدەن تا سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن، چونکە تا ٢٠ی مانگی داھاتوو پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و دواتر دادەخرێن."

لەبارەی بریکاری لایەنە سیاسییەکانیشەوە ئارام نەجمەدین دەڵێت: "بەداخەوە لە سەرەتاوە داوامان لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کردبوو بریکارەکانیان ئامادە بن لە ناوەندەکانی کۆمسیۆن تا چاودێریی پڕۆسەکە بکەن، بەڵام وەک پێویست ئامادە نابن، لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانیش ھەمان ئەو ھێزانە گلەیی دەکەن و دەڵێن لیستی ناوی دەنگدەران پاک نییە، بەڵام ئەم جارە خۆیان لێی بەرپرسن."
KDP-
Top