کاندیدکردنەوەی چەند پەرلەمانتارێک کێشەیەکی نوێ لەناوخۆی یەکێتی درووست دەکا

 کاندیدکردنەوەی چەند پەرلەمانتارێک کێشەیەکی نوێ لەناوخۆی یەکێتی درووست دەکا
بەهۆی کاندیدکردنەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کێشەیەکی نوێ لەناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرهەڵدەدات و گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیش ئاشکرای دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانە مافی خۆیانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، یەکێتی ژمارەیەک پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە لەنێو ڕێکخستنەکانی حزبەکەدا، بە تایبەتیش لەنێو ئەوانەی کە بەنیازبوون کاندید بکرێن، ناڕەزاییەکی زۆر دروست بووە و کێشەی لێ کەوتووەتەوە.

لەمبارەیەوە د. بڕیار ڕەشید، گوتەبێژی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ناوی لیستی یەکێتی لە ١٠٠ کاندید پێکھاتووە و بەپێی یاسای ھەڵبژارن، لە ٣٠%ی کاندیدەکانمان ئافرەتن، بێگومان ئێستا ناوی لیستی کاندیدەکانمان ئامادە کردووە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ناوی لیسەکەمان پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دەکەین“.

ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە یەکێتی چەند پەرلەمانتارێکی خولی چوارەمی جارێکی دیکە کاندید کراونەتەوە، چونکە ”کاندیدی وامان ھەیە خەڵکی لێی ڕازی بووە و بەپێی یاسا مافی ئەوەی ھەیە خۆی کاندید بکاتەوە“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی هەر لە نێو باڵەکانی خۆیدا و پێش کێشەی کاندیدەکان، دەیان کێشەی دیکەی کەڵەکەبووی هەیە کە دۆخی حزبەکەیان بە ئاستێک گەیاندووە، تەنانەت ناتوانن بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرەکەشیان بدەن.










باسنیوز
Top