شاندێکی سەربازیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر و ئەندمی شاندەکە ڕایگەیاند: "ئەو شاندەی بەغدا نوێنەرایەتیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دەکرد و تێیدا شاندێکی سەربازی و پۆلیسی فیدراڵیش ئامادە بوون و لە پردێ کۆبووینەوە و بۆ ئەوە هاتبوون کە هەوڵ بدرێت بەهەر شێوەیەک بێت ڕێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکووک بکرێتەوە".
ڕوونیشی کردەوە کە هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەکی کورتدا بە هەردوولاوە پردە تێکچووەکە چاک بکەنەوە، دواتر هەندێک بابەتی گومرگ دەمێنێتەوە، هەروەها هەوڵ بدرێت کارئاسانی بۆ هێزەکانی پێشمەرکە و هێزە عێراقییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ لەو ناوچەیە لاببرێن و ئەو ناوچەیە لەڕووی سەربازییەوە دابماڵدرێت.
لەبارەی دەنگۆی کردنەوە و چاککردنی پردی نێوان کەرکووک هەولێر پێش هاتنی جەژنی قوربان، عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: "ئەگەر بمانەوێ بەتەواوی پردەکە چاک بکەینەوە، ئەوا پێویستی بە شەش مانگ تا هەشت مانگ هەیە، چونکە ناکرێت پردەکە دروست بکرێ و دواتر دابڕووخێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر ئەو بابەتە داوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”کە کۆبوونەوەی یەکەمیان ئەنجام داوە، بۆ کۆبوونەوەی دووەم لەسەر ئەو بابەتە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارەکان بهێنن".
باسنیوز
