"خۆپێشاندانەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر کەرتی نەوت و داھاتی عێراق دەبێت"

خۆپێشاندانەکانی شارەکانی بەغدا و باشووری عێراق لە حەفتەی دووەمیشدا بەردوام بوون، پسپۆڕانیش ھۆشداری دەدەن لەوەی کە بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر کەرتی نەوت و کەمبوونەوەی داھاتی عێراق دەبێت.



خۆپێشاندەرانی باشووری عێراق بە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکارییەوە ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە چی دیکە ڕێگە بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت نادەن لە ناوچەکانیان کار بکەن، ژمارەیەک کۆمپانیا بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی باشووری عێراقەوە کارەکانیان ڕاگرتووە و ھەندێک کۆمپانیاش کارمەندەکانیان گواستووەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.



وەک دکتۆر سیروان عارەب، پسپۆڕی کەرتی نەوت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە، کە ئەو خۆپێشاندان و ئاڵۆزییانەی لە باشووری عێراق ڕوو دەدەن کاریگەرییان لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیھان دەبێت و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشووری عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەو نائارامییەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە مەترسی بۆ سەر کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت لە عێراقدا و ئاستی بەرھەمھێنان کەم دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر داھاتی عێراق دەبێت."



د. ئیدریس ڕەمەزان، پسپۆڕی ئابووری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تێکچوونی ڕەوشی ڕامیاری حەتمەن کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئابووری ھەر وڵاتێک ھەیە، چونکە کاتێک ڕەوشی سیاسی و ئەمنی لە ھەر ناوچەیەک ئاڵۆزیی تێ کەوت و لە حاڵەتی ئاسایی دەرچوو، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر جووڵەی بازاڕ و کەرتی ئابووری بە گشتی، وەک ئەو خۆپێشاندان و ئاڵۆزی و ئاژاوەیەی ئێستا باشووری عێراقی گرتووتەوە."



ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: " ھەر لە دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردووەوە نائارامییەکی تەواو لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دروست بووە، ئەوە ھۆکار بووە کە کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی کەرتی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو پاشگەز ببنەوە."



د.سیروان عارەب نیگەرانیی خۆیشی نەشاردەوە لەوەی کە لەگەڵ ئاڵۆزیی ڕەوشی عێراق کێشە بۆ بودجەی عێراقیش دروست ببێت و گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی ھەناردەکردنی نەوت کەم دەبێتەوە ڕاستەوخۆ داھاتی ئەو وڵاتەش کەم دەبێتەوە، چونکە بۆ بودجەی ئەمساڵ (٢٠١٨)، عێراق بە ڕێژەی ٨٧% پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە".



دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان ئەوەیشی نەشاردەوە: "ئاڵۆزیی زیاتر و بەردەوام، جگە لە زیانگەیاندن بە کەرتی نەوت، ڕێژەی بەرھەمھێنانیش بۆ ئاستێکی مەترسیدار کەم دەکاتەوە، ھەروەھا جگە لە داھاتی تاک، داھاتی حکوومەتیش دادەبەزێت و کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ئابووریی عێراق دەبێت."
kdp-
Top