لە سلێمانی تەقە لە بارەگای حزبێک دەکرێ و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگری لە تەقەکەرەکان ناکەن
د. کازم فارووق، گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕايگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو ٢٣ لەسەر ٢٤\٧\٢٠١٨، لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموودی شاری سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەری ڕەنگ سپی، دەستڕێژی گوللە لە بارەگای سەرەکیی نەوەی نوێ دەکات، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، تەنھا پێنج فیشەک بەر باڵەخانەی نەوەی نوێ کەوتووە“.
گوتەبێژەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەوەشی خستە روو، کە دوای ئەنجامدانی ڕووداوی تەقەکردنەکە ئۆتۆمبێلەکە ھەڵھاتووە، ”بەبێ ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێ بکرێت“. گوتیشی: ”لەکاتێکدا لە نزیک بارەگای سەرەکیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، مەفرەزەی ھێزەکانی پۆلیسی لێیە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلە ڕێگری لێ نەکراوە“.
ئاشکراشی کرد، کە پەلاماری بارەگای حزبی دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی یەک ناگرێتەوە، بۆیە ئەو رووداوە، لای ئەوان قبوڵ کراو نییە و ئیدانەی دەکەن، بەپێویستیشی دەزانێت، کە لایەنی پەیوەندیدار بەزووی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بکات، بۆئەوەی تاوانباران ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، ئەگەرنا کاردانەوەی خۆیان دەبێت.
د. کازم فارووق، گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جەختی لەوەش کردەوە، کە حزبی باڵادەست لە سلێمانی ”بەرپرسیارە“ بەرامبەر بە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەستڕێژی گوللەیان لە بارەگای نەوەی نوێ کردووە و پێویستە تاوانبارانی ڕووداوەکە بدۆزنەوە.
رۆژی ١٢\٥\٢٠١٨ش، لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناڕازی بوونی بزووتنەوەی گۆڕان، گرژی کەوتە نێوان بەرپرسێکی یەکێتی و بەرپرسێکی گۆڕان، ئەوکات دەستڕێژییەکی زۆر بەسەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کرا.
باسنيوز
