گۆڕان: تیرۆریستە هێرشبەرەکانی سەر پارێزگای هەولێر پێشتر مەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە

 گۆڕان: تیرۆریستە هێرشبەرەکانی سەر پارێزگای هەولێر پێشتر مەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، ئەو تیرۆریستانەی هێرشیان کردە سەر بارەگای پارێزگای هەولێر، پێشتر مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە.

محەمەد عەبدولوەھاب، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە سەر بە فراکسیۆنی گۆڕانە، ڕايگەیاند: "ئەو سێ چەکدارەی کە رۆژی دووشەممە ٢٣ی تەمووزی ٢٠١٨ ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر، پێشتر مەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە، چونکە بەپێی گرتە ڤیدۆییەکەی کە بڵاو بۆتەوە، چەکدارەکان تەمەنی یاساییان تەواو نەکردووە، بەڵام ئەوان بەچەکی دەمانچە و کڵاشینکۆف بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بینای پارێزگای ھەولێر مانەوە، بێگومان ئەوەش پێمان دەڵێت، ئەو چەکدارانە پێشتر ڕاھێنانیان پێکراوە“.

بە بڕوای ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەگەر لەلایەن کەسانی دیکەوە مەشق و ڕاھێنان بە سێ تیرۆریستەکە نەکرابێ، جورئەتی ئەوە ناکەن کە لە تەمەنێکی کەمەوە ھێرشی چەکداری ئەنجام بدات. گوتیشی:" ھەرچەندە جارێ نازانرێت ئەو گرووپەی کە ھێرشەکەیان ئەنجام داوە، کێیان لە پشتەوەیە، بەڵام پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بەزووترین کات کەسە سەرەکییەکانی پشتی ئەو مێردمنداڵانە بدۆزنەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر ئەنجام بدەن، تاوەکوو چیتر کردەوەی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە“.

بە پێویستیشی زانی کە دەزگا ئەمنییەکان زیاتر چاوکراوە بن، بۆ ئەوەی حاڵەتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە. ئەوەشی نەشاردەوە: ”ناکرێ لە بەردەم باڵاخانەی پارێزگای ھەولێر، تەنھا پاسەوانێک ھەبێت، بێگومان ڕەنگە ئەوە کارئاسانی باشی بۆ ئەو چەکدارانە کردبێت، بەڵام خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئاسایش و پۆلیسی پارێزگای ھەولێر کە توانیان لەماوەیەکی کورتدا بەکەمترین زیان بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن“.

محەمەد عەبدولوەھاب، باسی لەوەش کرد:" ئەوەی بە ھێرشە چەکدارییەکەی ھەولێر دڵخۆش بێت، کارێکی باش ناکات، چونکە ئێمە ھەموومان کوردین و ھێرشی چەکداری کراوەتە سەر پایتەختی کوردستان، دواجار کردەوەی تیرۆریستی کە کرا، فەرق و جیاوازی ناکرێت، چونکە ئێمە لایەنگرانمان لە ھەولێر ھەیە و یەکێتی و پارتەکانی دیکەش بەھەمان شێوە، بۆیە بێویژدانیە ھەر لایەنێکی سیاسی خۆشحاڵ بێت بە کردەوە چەکدارییەکەی پارێزگای ھەولێر یان تێکچوونی پایتەختی کوردستان“.

پێشتر د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕايگەیاندبوو کە ئەو سێ تیرۆریستەی هێرشەکەی سەر پارێزگای هەولێریان ئەنجام دا، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیین کە ئەو مەلایە لە پێش دادوەردا دانی بەوەدا ناوە، بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش داوە.









باسنيوز
Top