نەوزاد ھادی: ئەو جۆرە كردەوانە ناتوانن ساردمان بكەنەوە لە خزمەتی هاووڵاتییان

 	 نەوزاد ھادی: ئەو جۆرە كردەوانە ناتوانن ساردمان بكەنەوە لە خزمەتی هاووڵاتییان
نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر ڕایگه‌یاند، ھێرشەکەی سەر باڵه‌خانه‌ی پاڕێزگای ھەولێر کۆتایی ھاتووە و گوتیشی ئەمە کردەوەیەکی تیرۆرستی بووە كه‌ له‌ ئەنجامدا کارگوزارێک شەھید بووە، دڵنیایشی دایە ھاووڵاتیان كه‌ ئێستا دۆخەکە ئارامە و ئاسایش وردەکاری تەواو لەو بارەوە بڵاو دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممه‌، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ چەكداری تیرۆریست هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، لە كاتێكدا ئەم پۆلیس و پاسەوانانە و باڵەخانەكەش لە خزمەتی هاووڵاتییانە، هێزەكانی ئاسایشی و پۆلیس توانییان لە ماوەیەكی كورت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.

پارێزگاری هەولێر گوتی، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو جۆرە كردەوانە زیاتر ئێمە هان دەدات بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ناتوانن ساردمان بكەنەوە لە كارەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

تاریق نووری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە گوتی، هەرسێ‌ هێرشبەرەكە ناسنامەیان ئاشكرا دەكرێت و بەمنزیكانە زانیاریه‌كان بڵاو دەكەینەوە.

بەڕێوەبەری ئاسایش گوتی، تیرۆریستەكان لای ئێمە ناسراون و خەڵكی هەولێرن و دواتر لێكۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی ڕووداوەكەوە دەكەین.

عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند، ئێستا شار ئارامە، ئەوانەی ئەم كردەوە تیرۆریستییەیان ئەنجام دا، سەرجەمیان كوژران، بەداخەوە كارمەندێكی پارێزگای هەولێر شەهید بوو.
kdp-
Top