عارف ڕوشدی: پرۆسەی بە عەرەبكردنەوە كەركووك دوای 16ی ئۆکتۆبەر چڕتر بووەتەوە
عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمڕۆ دووشەممە 23/7/2018، ڕايگەیاند: "سەبارەت بە عەرەبكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری كەركووك ئەوە سیاسەتێكی لەمێژینەی دەسەڵاتدارانی عێراق بووە كە لە سەردەمی حوكمڕانیی پاشایەتییەوە بگرە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و هەر كاتێك هەلێكیان بۆ هەڵكەوتبێت، ئەوا دەستیان بە پرۆسەی بە عەرەبكردن كردووە و ئەوەی كە ئێستاش لە كەركووك دەكرێت، درێژەپێدەری ئەو ساسەتەیە، بەتایبەت دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو هەوڵەیان چڕتر دەست پێكردووەتەوە".
روونیشی كردوە، ئێستا پیلانی بە عەرەبكردن لە كەركووك بە ئاشكرا جێبەجێ دەكرێت و هەمیشە هەوڵ دەدرێت ژمارەی نەتەوەی عەرەب لە كەركووك زیاتر بكرێت و ئەو سیاسەتە بەشێكە لە ئەقڵیەتی حوكمڕانیی ئەمڕۆی عێراق و میللەتانی سەردەست نەیانتوانیوە میللەتانیتر قبووڵ بكەن.
ئێستا لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەبكردندا لە كەركووك، ژمارەیەكی بەرچاو لە عەرەبی هاوردە هێنراونەتەوە سنووری پارێزگای كەركووك، هەروەها پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بەردەوامە لە لادانی بەڕێوەبەرە كوردەكان و دانانی عەرەب لە شوێنەكانیان.
لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار شاری كەركووكیان داگیر كرد و لەوكاتەوە جگە لە تێكچوونی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە پرۆسەی بەی عەرەبكردنەوەش دەستی پێكردووە.
باسنيوز
