"لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان چارە دەکرێت"
ساڵانە بە ھۆکاری جیاواز کێشەی کەمئاوی بۆ ئەو گەڕەک و ناوچانەی دەکەونە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر دروست دەبێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی چواری ئیفراز جێبەجێ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی. لەوبارەیەوە ئیبراھیم شێخەڵڵا، قایمقامی قەزای دەشتی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە کێشەی ئاوی خواردنەوە بە بەشێک لە دانیشتوانی سنووری قەزای دەشتی ھەولێر دروست دەبێت، ئەویش بە ھۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بەتایبەتی لە سەنتەری شارەکانی بنەسڵاوە و دارەتوو و کەسنەزان، چونکە ئێمە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشتمان بە ئاوی ژێرزەوی و بیرەکان بەستووە، کەچی ئاستی ئاو دابەزیوە و لە چوارسەد مەتر ئاو دەھێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە سنووری قەزای دەشتی ھەولێر و ھەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، چونکە ساڵانە لە وەرزی ھاویندا کێشەی کەمئاوی دووبارە دەبێتەوە."
قایمقامی قەزای دەشتی ھەولێر زیاتر گوتی: "پڕۆژەی چواری ئیفراز تایبەت بە نەھێشتنی دیاردەی کەمئاوییە لە دەوروبەری شاری ھەولێر و چەند ساڵێکە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی چوار کراوە و ئەگەر بە هۆی قەیرانی دارایی نەبوایە ئێستا تەواو دەبوو."
ئیبراھیم شێخەڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئێمە ھەر نەوەستاوین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، ئەوەتا لە ڕێگەی بۆڕیی سێیەمی ئاوی ئیفڕازەوە ھێڵێکی ئاو بۆ سەنتەری ناحیەی کەسنەزان و بەشێک لەو کۆمەڵگا نیشتەجێیانەی دەوروبەری کار بۆ دابینکردنی ئاو دەکرێت، سەرەتا بڕیار بوو لە ماوەی دوو مانگدا پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕی لە پڕۆژەی سێی ئیفڕاز بۆ خەزانەی کەسنەزان کۆتایی بێت، بەڵام ھەندێ ئاستەنگ ھاتە ڕێگە و ئێستا دەستی پێ کردووەتەوە و چاوەڕێ دەکەین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان و دەوروبەری چارەسەر بکرێت."
kdp-
