محەمەد ئیحسان: پێکھێنانی حکوومەت دوا دەکەوێت و خۆپێشاندانەکانی عێراق فراوانتر دەبن

محەمەد ئیحسان: پێکھێنانی حکوومەت دوا دەکەوێت و خۆپێشاندانەکانی عێراق فراوانتر دەبن
خۆپێشاندانەکانی عێراق و پارێزگاکانی لە بەرەنجامی نەبوونی سیستەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵی بەرپرسانی بەغدایە، کە محەمەد ئیحسان دەڵێت، لە دوای ٢٠٠٣ەوە عێراق ھیچ خزمەتێک نەکراوە بەو داھاتە زۆرەی کە ھەشیەتی، تەنھا دزراوە.



د. محەمەد ئیحسان، سەرۆكی پێشووی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردن خۆی مافە لە ھەر شوێنێک و مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵک بابەتێکی ئاساییە و پێویستە بە شێوازێکی جوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات و ھاووڵاتیانی عێراقی ھێناوەتە سەر شەقام بۆ ناڕەزاییدەربڕین دژی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و دژی نەبوونی ئاو و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی نێو شارەکانە، بەو داھاتە زۆرەی عێراق لەبەردەستیدایە ئەو وەزعەی کە عێراقی گرتووەتەوە لە بەرەنجامی ئەوەیە لە دوای ٢٠٠٣ەوە ھیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزای بۆ ھاووڵاتیانی عێراق و بەسرە و شارەکانی نەکراوە."



د. محەمەد ئیحسان گوتی: "نیزامێکی سیاسی وەھا لە عێراق ھەیە کە پارێزگارەکان کێشەیان ھەیە لەگەڵ وەزیرەکان و وەزیرەکان کێشەیان ھەیە لەگەڵ سەرووی خۆیان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان ئەم ناڕێکییە سیاسییە وای کردووە ھەر کەس بۆ خۆی بێت و ھاووڵاتیان و شارەکان ھیچ قازانجێک نەکەن، ئەگەر بێت و سەیری عێراق بکەین دەبینی نەخۆشخانەیەک نییە نوێ بێت و دروست کرابێت، ڕێگایەکی جوان نییە دروست کرابێت، ھەمووی ھەر ئەوەی سەردەمی حکوومەتی بەعسە، خەڵک لە ٢٠٠٣ـەوە زۆر لەو سیستەمی حوکمڕانییەی عێراق بێزارە، ڕاستە ھاووڵاتیانی عێراق دووبارە دەنگیان بە ھەمان سیستەم داوە، بەڵام لەپێش ھەڵبژاردن ھەڵخەڵەتێنران لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە، ھاووڵاتیان وایان زانی ھەموو شتێک چارە دەبێ، کە واش نەبوو بینیمان چی ڕوو دەدا، لە دوای ھەڵبژاردنەوە ئەوە بۆ ٤ ساڵی تریش شەڕ لەسەر کورسی و فەساد و پارەدزین بەردەوام دەبێ لە دوای ھەڵبژاردنەوە."



ئیحسان گوتیشی: "ژماردنەوەی دەنگەکان ھیچ گۆرانکارییەک لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دروست ناکات و ئەنجامی دەنگدان ھەر وەک خۆی دەبێت، چونکە عێراق ئامادە نییە و ناتوانێ جارێکی تر ھەڵبژاردن بکات، ئەگەر ئەنجامەکە بگۆڕدرێ شەڕێکی گەورەتر دروست دەبێ، جیاوازی و شەڕ لە نێوان شیعە و شیعە زۆرە، لە نێوان سوننە و سوننە و کورد و کوردیش ھەر زۆرە، ئەم وەزعە تا زیاتر بڕوات ناخۆشتر دەبێـت ئەگەر پینە نەکرێت، ئەگەر حکوومەتی نوێش دابمەزرێندرێ ئەوا ھەر ھەمان دەموچاوە و وەزعی عێراق ھەر وەک خۆی دەبێت، پێویستە ھەرێمی کوردستان لەم نالەباری و ئاڵۆزییەی عێراق سوود وەربگرێت و وانەی لێ وەربگرین، چونکە ھەندێک خەڵک ھەیە دەیەوێت ئەوەی لە عێراق درووست بووە لە کوردستانیش درووست بێت."



محەمەد ئیحسان دەشڵێت: "خەڵکی ھیچ وڵاتێکی تر تەحەمولی ھاووڵاتیانی عێراقیان نییە، بە ھۆی ئەو ھەموو گەندەڵییەوەی لە عێراق دەکرێت لە دوای ٢٠٠٣ەوە."



ئەو ھاوپەیمانیانەی لە نێوان ھەندێک لایەنی سیاسیدا باسی لێوە کرا کە ئەنجامدارە، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە و ھیچ ھاوپەیمانییەک نییە و حکوومەت پێکھێنان زۆر دوا دەکەوێت. بە بڕوای، محەمەد ئیحسان: "پێکھێنانی حکوومەت دەگاتە مانگی یانزە و دوانزە، لە پێکھێنانی کابینەی داھاتوو ھیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت و ھەمان بابەتی کابینەکانی تر دەبێـت، تەنیا ئەگەر چەند شتێک بۆ کوردستان بێت، پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی پێش ١٦ی ئۆکتۆربەر و پارتییش بگەڕێتەوە کەرکووک، کە غەدرێکی ئاشکرایان لە پارتی کرد."
kdp-
Top