"مەترسیی ڕادەستکردنی تەواوی ڕۆژئاوا بۆ ژێردەستی ڕژێم هەیە"
میدیایاکانی سەر بە ڕژێمی ئەسەد ڕایدەگەیەنن کە ئەوان لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەری پەیەدە لە ڕێککەوتندان لەسەر چەندین پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژئاواوە. لەو بارەیەشەوە کامەران حاجۆ شارەزایی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "ئەوەی پەیەدە بەرامبەر ڕژێم دەیکات و ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵی دەکەن خۆکوشتنێکی سیاسییە و خزمەت بە دۆزی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ناکات."
مەجلیسی سووریای دیموکراتیک (MSD) سەر بە پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە پێگەی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردبووەوە کە ئەوان بەبێ شەرت و مەرج لەگەڵ ڕژێمی سووریا دەتوانن گفتوگۆ بکەن، کەچی کامەران حاجۆ دەڵێ: "پەیەدە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ ڕژێمێک گفتوگۆ دەکات کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەو وڵاتەدا نییە، بەڵام بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد سەد شەرت و مەرج دادەنێت، ئەمە دەکەوێتە کام قالبی سیاسییەوە!"
حاجۆ گوتیشی: "ئەی ئەوەندە قوربانییەی لە ڕۆژئاوا لەسەر چەندین ناوچە درا، جارێکی دیکە بە ڕادەستکردنەوەی ئەرو ناوچانە بێڕێزی بەرانبەر گەلی کورد ناکرێت، ئەو هەموو گەنجەی کورد لە پێناو خاکی خۆیاندا شەهید بوون، چۆن دەبێ بەئاسانی ناوچەکان ڕادەستی ڕژێم و چەند هێزیكی دیکە بکەن."
تا ئێستا میدیاکانی نزیک لە ڕژێمی ئەسەد، هێزە کوردەکان بە میلیشیاکان ناو دەبەن و ئێستاش ئەو هێزانە دەچنە ژێڕ ڕکێفی سیاسەتی ڕژێمی ئەسەدەوە.
کامەران حاجۆ کە بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریایە دەڵێ: "ئێمە وەک هێزیكی نەتەوەیی لە ڕۆژئاواین، کەچی بە هیچ شێوەیەک پەیەدە لەگەڵ کوردێک دانوستاندن ناکات، بەڵام ئامادەیە دەستبەرداری هەمو شتێک ببێت تا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد کۆ ببیتەوە و هەموو هەوڵەکان بەردەوامن بۆ لابردنی ئەسەد لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە."
جگە لەو هەڵە سیاسییانەی کە پەیەدە لە ڕۆژئاوا دەیانکات، نەوتی ڕمێلانیشی ڕادەستی ڕژێم کردووە و بە بڕیاری ڕژێمی ئەسەد هەموو پۆستە و وێنە و ئاڵاکان و وێنەی سەرکردەکانیان لە حەسەکە و سەرێ کانێی و عاموودا لا برد.
kdp-
