حەشدی شەعبی هەوڵەکانی دژی ژنە بەرپرسێکی مەسیحی چڕ دەکاتەوە

 حەشدی شەعبی هەوڵەکانی دژی ژنە بەرپرسێکی مەسیحی چڕ دەکاتەوە
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەرپرسێکی مەسیحی لە سنووری پارێزگای نەینەوا لەکارەکەی دوور دەخەنەوە و عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەواش رەتی دەکەنەوە.

دوای رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی نەینەوا لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، خاتوو لارا یوسف ئیسحاق بە رەزامەندیی خەـلکی ناوچەکە وەک بەڕێوەبەری شارەدێی ئەلقۆش لە سنووری نەینەوا، دەستبەکار بوو.

شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی ئەنجومەنی عەشیرەتە عەرەبەکانی نەینەوا رايگەیاند، حەشدی شەعبی هەوڵ دەدات خاتوو لارا، کە مەسیحییەکی ناوچەکەیە، لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە و کەسێکی سەر بەو میلیشیایانە لەشوێنەکەی دابنێت.

شێخ موزاحیم ئەلحوێت ئاماژەی بەوە کرد، کە عەشیرەتە عەرەبییەکانی نەینەوا لەسەر کار لادانی ئەو ژنە مەسیحییە رەت دەکەنەوە و بەو هەوڵ و بڕیارەی حەشدی شەعبی رازی نابن و هەڵوێستی خۆشیان گەیاندووەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.

لە ناوەڕاستی مانگی 10ـی 2016، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی کورت چەند رۆژیدا، توانییان هەموو ناوچە مەسیحینشینەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا رزگار بکەنەوە.








باسنيوز
Top