لە خورماتوو هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا پێنج گەنجی کورد دەستگیر دەکەن
شەوی رابردوو، لە شارۆچکەی خورماتوو، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، پێنج گەنجی کوردیان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ شەممە 21\7\2018، محەمەد فایق، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاوی کردووەتەوە، کە شەوی رابردوو 2018/7/20، کاتژمێر 10:20 خولەک، هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە سوپای عێراقی، لە گەڕەکی کۆماریی شارۆچکەی خورماتوو پێنج گەنجی کوردیان دەستگیر کرد، کە لە نزیک ماڵی خۆیان دانیشتبوونە.
بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان، تەنیا ئەوەبووە کە خاڵێکی پشکنین نزیک دوکانەکانی شارەوانی ئەو گەڕەکە بوونی هەیە، لایتی لێزە لەو خاڵە دراوە، ئەوانیش بەبیانووی ئەوە، ئەو پێنج گەنجەیان دەستگیر کردووە و دوای دوو کاتژمێر، ئازادیان کردووە.
دوای 16ی ئۆکتۆبەر، کە بەهۆی خیانەتێکی گرووپێکەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد، لەوکاتەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی، چەندین تاوانیان دژ بە هاووڵاتییانی کورد، ئەنجام داوە.
bas news-
