"هەوڵی جیددی بۆ بنبڕكردنی كێشە ئابوورییەكان دراوە.. چاكسازی ئاسۆیەكی ڕوونی لێ چاوەڕوان دەكرێت"

سەرلەبەیانیی ڕۆژی 18/7/2018، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەری مەشق و پەرەپێدانی وەزارەتی كارەبادا رایگەیاند، ڕۆژە سەختەكان تێدەپەڕن و ئاسۆیەكی ڕوونتر و داهاتوویەكی گەشتر چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات و بە هەوڵی بەردەوامی حكوومەت بۆ چاكسازی، هەرێمی كوردستان بەرەو ژیانێكی باشتر هەنگاو دەنێت.

شیلان بیبانی، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ، پێوەست بە هەنگاوەكانی چاكسازی لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "هەوڵی جیددی دراوە بۆ بنبڕكردنی كێشە ئابوورییەكان و چاكسازییش ئاسۆیەكی ڕووناكی لێ چاوەڕوان دەكرێت، هەروەها باری سیاسیی هەرێمی كوردستانیش رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەڕوات بە پێچەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەمەش وادەكات دەرفەتی كار و ئابووری و وەبەرهێنان و كاری بیانی و چاوی ئابووریی جیهانیش لەسەر كوردستان بێت، چونكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە و ئەوەش كار لە سەر ئابووریی هەرێمەكەمان دەكات."

هاوكات د. ئەحمەد سەفار، ئابووریناس و ڕاگری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی زاخۆ، پێوەست بە هەنگاوەكانی چاكسازیی حكوومەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان سەركەوتوون، چونكە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سیاسی و ئابووریی سەختدا تێپەڕی و مەترسییشی لەسەر بوو، ئەگەر ئەو سیاسەتە ژیرانە و سەركەوتووانە نەبووایە، ئێستا لە بارودۆخێكی تردا دەبووین."

هەر پێوەست بەو پرسە، بەیار تاهر دۆسكی، ئەندامی پێشووی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەزموونی هەرێمی كوردستان دیار بوو پێویستی بە چاكسازی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامیی پێ بدەین، دوای ئەوەی پلان هاتە دانان و گرفتەكان دیاری كران و هەنگاو بۆ چاكسازی نرا ئەوەتا رۆژ لە دوای رۆژ كوردستان زیاتر گەشە دەكات كە مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین و بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكرێت، هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستانیش لەو رووەوە گرینگ و بەرهەمدارن."

دۆسكی دەشڵێ، "حكوومەتی هەرێم توانی گرفتەكان دەستنیشان بكات، بە تایبەتیش لە رووی ئیدارییەوە، بۆیە بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان توانی ئەو بارودۆخە سەختەی هەبوو دەربازی بكات، ئاخر سەرۆكوەزیرانی كوردستان خۆی لەناو كارەكاندایە و دەزانێت چۆن چارەی قەیرانەكان دەكات، بەڵام دەبێ هەموو لایەنەكان ئەگەر بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانیان دەوێت، هاوكاری بن، نەك بۆ تێكدان دژی بوەستنەوە".
kdp-
Top