پارتی لە چەمچەماڵ: لێکۆڵینەوە لە تەقەکەران بەردەوامە

 	 پارتی لە چەمچەماڵ: لێکۆڵینەوە لە تەقەکەران بەردەوامە
شەوی ڕابردوو لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ لە نێو ئۆتۆمبێڵێکی ''بی‌ئێم''ـەوە تەقە لە بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و بەرپرسێکی پارتیش لە چەمچەماڵ دەڵێ، سەرەداومان دەست کەوتووە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.



لوقمان شوانی، کارگێڕی لقی ١٩ی پارتی لە چەمچەماڵ بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاتژمێر ١ی شەوی ڕابردوو لە نێو ئۆتۆمبێڵێکی جۆری ''بی‌ئێم''ـەوە ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لە بارەگای لیژنەی ناوچەی چەمچەماڵی پارتیمان کردووە و بە ھۆی دەستڕێژییەوە ژمارەیەک فیشەک بەر بینای لیژنەی ناوچە کەوتوون، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی بە دوای خۆیدا نەھێناوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەرەو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچین و دیسان تەقەکردن لە بارەگاکانمان دەستی پێ کردووەتەوە."



کارگێڕی لقی ١٩ی چەمچەماڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ماوەی شەش ساڵە ناوە ناوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تەقە لە بارەگاکانمان دەکرێت، بەتایبەتی لە کاتی نزیکبوونەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان دیاردەی تەقەکردن لە بنکە و بارەگای پارتیمان زیاتر دەبێت، ئەمەش لای ئێمە جێگەی گومانە."



دەربارەی دەستگیرکردنی تەقەکەرانی شەوی ڕابردوو، لوقمان شوانی گوتی: "ھێشتا بکەرانی ڕووداوی شەوی ڕابردوو دەستگیر نەکراون و لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئێمە وەک حزب سەرەداومان دەست کەوتووە، ئەوانەی تەقەیان کردووە سەر بە لایەنێکی سیاسین، ھەرکاتێک لەسەریان ساخ بووەوە دەیاندەینە دادگا بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن."
kdp-
Top