هه‌ولێر.. كۆتایی ئەمساڵ، تەواوی شەقامی 120 مەتری بە ڕووی شوفێراندا ده‌كرێتەوە

 	 هه‌ولێر.. كۆتایی ئەمساڵ، تەواوی شەقامی 120 مەتری بە ڕووی شوفێراندا ده‌كرێتەوە
شەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر ڕایگەیاند، كاركردن لە شەقامی 120 مەتریدا بەردەوامە و، هەوڵ دەدرێت تا كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە بە كۆتا بێت و تەواوی شەقامەكە بە ڕووی شوفێراندا بكرێتەوە.

شەقامی 120 مەتریی هەولێر، بە شێوەی ستانداردی جیهانی دروست كراوە و بە دروستكردنی ئەو شەقامەیش، كە بەشێكی زۆری تەواو بووە، توانرا جەنجاڵیی ناوشار كەم بكرێتەوە، چونكە ئەو شەقامە بە جۆرێك درست كراوە هیچ پێچی لادانی تێدا نییە و شوێنی لادانی ئۆتۆمبێل هەمووی لە رێگەی بەرزە پردەوەیە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 120مەتریی شاری هەولێر، سەرتیپ قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 120مەتری بەردەوامە و لە ئێستادا كار لە حەوت كیلۆمەتر دەكرێت هەر لە جادەی كۆیەوە تا نزیك ماجیدی مۆڵ و لەوێشەوە بۆ رێگای كەركووك، كە بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ ئەویش تەواو بكرێت، بەمەش 27 كیلۆمەتر كە كۆمپانیای هێمن گرووپ سەرپەرشتیی دەكات، تەواو دەبێت، چونكە لە كۆی 27كیلۆمەتر، 20ی تەواو بووە و تەنیا حەوت كیلۆمەتر ماوە و ئەویش كاری تێدا دەكرێت و تەواو دەبێت".

قادر گوتیشی، پڕۆژەكە خۆی 38كیلۆمەترە و 27 كیلۆمەتر كۆمپانیای هێمن گرووپ دەیكات و 11 كیلۆمەتریش كۆمپانیایەكی توركیایی دەیكات، كە ئەوانیش 60% كارەكانی خۆیان تەواو كردووە و حكوومەت و پارێزگاری هەولێریش لەسەر خەتن بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ ئەویش تەواو بكرێت، بۆیە هەموو هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیەن تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی شەقامەكە تەواو بێت و بە ڕووی شوفێراندا بكرێتەوە.

kdp-
Top