''شەش ھەزار پڕۆژەی وەبەرھێنان لە عێراقدا شکستیان خواردووە''

''شەش ھەزار پڕۆژەی وەبەرھێنان لە عێراقدا شکستیان خواردووە''
ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، خۆپێشاندانەکانی ھاووڵاتیانی باشووری عێراق کۆتاییی تەحەمولیانە لە ھەمبەر شکستی حکوومەت و دەسەڵاتداراندا. دەشڵێ، لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر لە ٩٩٦ ترلیۆن داھاتی عێراق بووە و کەسیش نازانێ بۆ کوێ چووە.

عێراق بە ھۆی دەوڵەمەندی لە نەوت و سامانە سروشتییەکان یەکێکە لە وڵاتانی دەوڵەمەندی ناوچەکە، بەڵام بە ھۆی شکستی ئیدارەدانی وڵات ھاووڵاتیانی عێراق لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەش کراون. لەوبارەیەوە، نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاڵۆزییەکانی ئێستای باشووری عێراق بۆ فەشەلی حکوومەتەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە نەیانتوانیوە ئیدارەیەکی باشی وڵات بکەن، پێشتر سەردانی شاری بەسڕەمان کردووە خەڵک ئاوی خواردنەوەی بەدەست ناکەوێت، کارەبا و کەرتی تەندروستی ھەر وێرانە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا پەنجا ملیار دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کردووە، کەچی ھێشتا عێراق کارەبا لە ئێران و سعوودیە دەکڕێت، بەداخەوە عێراق وەک دەوڵەت نەماوە، تەنیا بەناو دەوڵەتە."

سەرەڕای ئەو ھەموو داھاتەی ساڵانە بۆ عێراق دێت، ھێشتا حکوومەتی عێراق قەرزداری چەندین وڵات و سندووقی نێودەوڵەتیی دراوە. ئەندامەکەی پێشووی لیژنەی دارایی دەڵێت: "لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە زیاتر لە ٩٩٦ ترلیۆن دینار داھاتی عێراق بووە، ئەوە جگە لەو داھاتە زۆرەی نەھاتووەتە نێو حیساباتی حکوومەتەوە، ھێشتاش عێراق ١٢٠ ملیار دینار قەرزدارە، کەسیش نازانێ ئەو ھەموو داھات و قەرزەی عێراق بۆ کوێ چووە، چونکە ئەگەر بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەرخان بکرایە ڕەوشەکە نەدەگەیشتە ئێستا، ھاووڵاتیانی باشووری عێراق دەبینن چ حەماسەتێکیان لێ ھەستاوە، کە زۆر ئاشکرایە متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەماوە و ئەوە کۆتا ھەناسەیانە کە پەنا بۆ خۆپێشاندان ببەن."

نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە شەش ھەزار پڕۆژەی وەبەرھێنان شکستیان بردووە، بەتایبەتیش لە باشووری وڵات، ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆربەی ھەرە زۆری پڕۆژەکان، یان ھیچیان لێ جێبەجێ نەکراوە، یانیش ڕێژەیەکی زۆر کەمیان تەواو کراون و ئەوەی دیکەی بە نیوەچڵی بەجێ ماون. لەبەر ئەوەش، ھاووڵاتیانی عێراق لە نەھامەتیی زۆر گەورەدا دەژین، کەس خۆی ناکات بە خاوەنی عێراق ھەموو بەرپرس و لایەنەکان تەنیا بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن و بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان وەلا نراوە."
kdp-
Top