کۆمیسیۆن نوێترین زانیاری لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەخاتە ڕوو
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: ”هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان کردووە، ئێمە ههر لەسەرەتاوە دەستمان بە تۆمارکردنی قەوارەکان و هاوپەیمانییەکان کرد، دواتر تیروپشکمان بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە قەوارە و هاوپەمانییەکان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانمان بە ڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە، بۆ ئەوەی سەردانی بکەن و لە بوونی ناوەکانیان دڵنیابن“.
ئاشکراشی کرد: ”کە لەسەرانسەری کوردستاندا 215 ناوەندی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەیە، بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەبن، سلێمانی 84 ناوەند، هەولێر 76 ناوەند، دهۆک 47 ناوەند، هەڵەبجە 8 ناوەند“.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”ئەو پرۆسانەی کە لە ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەنجام دەدرێن، لە پێنج پرۆسە پێکهاتووە، کە بریتین لە زیادکردن، ڕاستکردنەوە، لابردن، گواستنەوە، گەڕانەوە، بەڵام گەرانەوە بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان 90 ساڵ زیاترە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە ژیاندا ماون“.
لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەر بۆ ناوەندەکانی کۆمیسیۆن، شۆڕش حەسەن، گوتیشی: ”لە قۆناغی یەکەمدا فەرمانبەرمان بۆ بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دامەزراندووە و ئەوەش تەواو بووە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە دامەزراندنی فەرمانبەرانی سەر سندوقەکانە، ئەویش جارێ ماوە و چاوەڕوانی ئەوەین، کە لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران ڕێکاری چۆنییەتی دامەزراندنیان بۆ دەربچێت، دواتر ئێمە شێوازی وەرگرتنی فۆرمەکان و دەستبەکاربوونی ئەو فەرمانبەرانە ڕادەگەیەنین، کە لەسەر ئاستی پارێزگاکان چۆن دەبێت“.
باسنيوز
