یەکێتی داوا دەکا هەڵبژاردنی کوردستانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێ

 یەکێتی داوا دەکا هەڵبژاردنی کوردستانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێ
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات، هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت و نایشارێتەوە کە پێیانوایە هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی ”باشترین شێوەی هەڵبژاردنە“.

ڕەوەند مەلا مەحموود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاند: ”پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بە شێوەی دەستی بکرێت، یاخود لەڕێگەی دەنگدانی ئەلکترۆنییەوە بێ، جۆرێک لە سەرکەوتوویی پێوە دیارە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە پێیانوایە ”سیستەمی ئەلیکترۆنی مۆفەقترە، چونکە ئەو سیستەمە دەتوانێ ھەموو ئەوانەی کە بەشدارن، هەروەها دڵنیایی زیاتر بەدەنگدەران بدات“.

بەرپرسەکەی یەکێتی دووپاتی کردەوە کە باشترە ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت. ئەوەشی نەشاردەوە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا کێشەی نەبوونی سەرژمێری و ئامارێکی باوەڕپێکراو هەیە، لەگەڵ چەندان کێشەی دیکە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، زانیارییەکانی لەبارەی هاککردنی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ”ئەگەر دەنگدانی ئەلکترۆنی ھاک بکرێت، پێویستی بەشەش مانگ ھەیە تاوەکوو ھاک بکرێت. هەروەها دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەدا دەنگەکە دەسووتێنێت، بۆیە من پێموایە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە ھەموو شێوەکانی دیکەی دەنگدان باشترە“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوەی ئاسایی لە کوردستان یەکلا کراوەتەوە.









باسنيوز
Top