خەڵكی شنگال باجی كەمتەرخەمیی كۆمیسیۆنیان دا

 	 خەڵكی شنگال باجی كەمتەرخەمیی كۆمیسیۆنیان دا
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك، رایگەیاند، دەنگی نێو 207 سندووقی ئاوارەكان هەژمار نەكرا و خەڵكی شنگال باجی كەمتەرخەمیی كۆمیسیۆنیان دا، بۆیە لەسەر ئەو بابەتە سكاڵایان تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی مافی شنگالییەكان نەخورێت و ئەو كەسانەیش سزا بدرێن كە كەمتەرخەم بوونە.

12ی 5ی 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، پارتی لە دهۆك 10 كورسی و لە سنووری مووسڵ بە بێ دەنگی شنگالییەكان 6 كورسیی بە دەست هێنا، پارتییش بەردەوام پێداگری دەكردكە دەنگی شنگالییەكان هەژمار بكرێت، چونكە دەنگی زۆرینەیان بۆ پارتییە، هەژمارنەكردنی دەنگی ئاوارەكان بۆ ئەوە بوو پارتی لە سنووری مووسڵ نەبێتە لیستی یەكەم.

خالد ئەحمەد، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو سندووقانەی بە دەست هەژمار كراون، دوو لیست بوون، لیستی یەكەم 107 سندووق بوون، 67ی گشتی و 30 سندووق هیی ئاوارەكان بوون، ئەوانە پێشتر ئەنجامیان راگەیاندرابوو، دوای هەژماركردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانە و بەراوردكردن لەگەڵ ئەنجامی ئەلیكترۆنی، هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ بەدی نەكرا، لیستی دووەم لیستی ئاوارەكان بوو ئەو سندووقانەی پێشتریش هەژمار نەكراون و تانە و سكاڵایان لەسەر بووە، هەموو كرانەوە، بەڵام بەداخەوە دیارە كەموكورتی تێدا هەبوو و كۆمیسیۆن كەمتەرخەم بووە لە ئیدارەكردنی مەلەفی كەمپەكاندا، بۆیە دیارە دوای پشكنین شریتی سوور لە هەموویان درا و دەنگی هیچ كام لەو سندووقانە هەژمار نەكران، ئەوەیش پیلانێكی گەورە بوو بۆ خەڵكی شنگال و ئەوان باجی كەمتەرخەمیی كۆمیسیۆنیان دا، بۆیە لەسەر ئەو بابەتە سكاڵامان تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی مافی شنگالییەكان نەخورێت و ئەو كەسانەیش سزا بدرێن كە كەمتەرخەم بوونە".

ئەحمەد گوتیشی: "هەر لە سەرەتاوە ئێمە پێداگر بووین، بەردەوام بەرگریمان لە مافی خەڵكی شنگال كردووە بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان، كە خەڵكێكی مەزڵووم و ستەملێكراوە، بۆیە بە ئەركی خۆمان زانی كە دەنگی ئەوان ئەژمار بكرێت و نوێنەریان لە پەرلەمان هەبێت، پارتی لەناو ئەو سندووقانەدا ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگی دەبوو، پێداگری و هەڵوێست و خزمەتی پارتی بەو دەڤەرە، جێگەی متمانە و باوەڕی ئەو خەڵكە بووە".


kdp-
Top