د.ئەمین عەزیز: پارەی عێراق ھەمووی بۆ حەشدە و لەوێیش دەدزرێت
ئەمە رۆژی نۆیەمە خۆپێشاندان شارەكانی باشووری عێراقی گرتووتەوە و ھاووڵاتیانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەوان لە نەھامەتیی گەورەدا دەژین و بە دەست نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەوە ژیانیان لێ تاڵ بووە. دكتۆر ئەمین عەزیز، جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق تا ساڵی ٢٠١٣ باشتر بوو، بەڵام دواتر بە یەكجاری رەوش تێك چوو، ناشتوانم ھیچ ھێزێكی دیاریكراو تۆمەتبار بكەم بە تێكچوونی رەوشی ئەو ناوچانەی عێراق، ھەموو لایەنەكان بەشی خۆیان ھەڵەیان كرد، ھەندێ كەس لە ڕووی ئیدارەوە ھەڵەی كرد و بووە ھۆی تێكچوونی رەوشی ناوچەكە، بە تایبەت كورد زیانی بەركەوت.
خەڵكی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان دوو جار بێبەش كراون لە خزمەتگوزاری، جارێك وەك ھەموو عێراق و جارێكیش بە ھۆی سیاسەتی داگیركاری ھیچ پڕۆژەیەك لەو ناوچەكان ئەنجام نادرێت، ئەوە رەوشی ئەمنی و دزی و تاڵان و كوشتن و بڕین ھەر باسی لێوە ناكرێت، ئەمین عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ئێستادا لە ڕووی ئەمنییەوە ھیچ ھێزێكی كوردی لە ناوچە كوردستانییەكانی سەر بە كەركووك و سەڵاحەددین بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ھێزی عێراقییە و پێك ھاتووە لە پۆلیسی ئیتیحادی و بەرپەرچدانەوەی خێرا و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەوانە دەستەڵاتیان ھەیە لەنێو شارەكان، بەڵام دەوروبەری شارەكان لە دەست چەكداری داعشدان و رۆژانە خەڵك دەكوژن و دەڕفێنن، ھەتا لەنێو شارەكانیش داعش چالاكە".
عێراق ساڵانە بودجەیەكی زەبەلاح بۆ بابەتی ئەمنی و بەرەكانی شەڕ دابین دەكات، كەچی رەوشی ئەمنی لە عێراق لەوپەڕی خراپیدایە و لە كاتی ھاتنی ھێرشی داعش دوو فیرقە و دەیان یەكەی سەربازی و ھەموو جیھازی ئەمنی، یان خۆیان رادەستی داعش كرد یانیش رایان كرد. لەو بارەیەوە جێگری پێشووی پارێزگاری سەڵاحەددین دەڵێت: "لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە دوای دەستپێكردنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش وای كرد، بودجەی عێراق ھەمووی بۆ چەك و تەقەمەنی و بەرەكانی جەنگ رۆیشت و درایە دەست حەشدی شەعبی، ئاشكرایە حەشدی شەعبییش ھێزێكی تۆكمە و رێكخراو نین و ھێزێكن ھەر یەكە و لای خۆیەوە شت دەبات و كەسیش لێیان ناپرسێت، بودجەی عێراق ھەمووی بۆ حەشدی شەعبی دەچێت و لەوێش گەندەڵییەكی زۆر ھەیە، لەوانەش چەك دەفرۆشن و دزینی پارە و مووچە ھەیە، ئەوەش وای كرد ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكەونە نەھامەتییەوە.
حكوومەتی عێراق ساڵانە سەرەڕای ھەبوونی بودجەیەكی زۆر، پارەیەكی زۆریش لە وڵاتان و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو قەرز كردووە گوایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیانی دابین دەكات، دكتۆر ئەمین عەزیز روونی كردەوە: "ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست بێ خزمەتگوزارین تەنیا حكوومەتی عێراق توانیویەتی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات و جگە لەوە ھیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری جێبەجێ ناكرێت ، ھاووڵاتیان بە دەست نەبوونی خزمەتگوزاریی ژیانەوە دەناڵێنن، واتە لەم وەرزە گەرمەی ھاویندا خەڵكی نە كارەبای ھەیە نە ئاوی ھەیە نە ھیچ حكوومەتێك ھەیە بە ھانایانەوە بچێت".
kdp-
