ئێران جارێکی دیکە سنووری باڵەکایەتی تۆپباران کردەوە

 	 ئێران جارێکی دیکە سنووری باڵەکایەتی تۆپباران کردەوە
به‌ڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران ئاشكرای كرد، ئێران جارێكی دیكه‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی تۆپباران كردووه‌ و زیانی گیانی و ماددی هه‌بووه‌.



ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئیران تۆپبارانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگرتبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ ده‌ستی پێ كردووەته‌وه‌. به‌ گوته‌ی به‌ڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، به ‌هۆی ئه‌و بۆردوومانه‌وە چه‌ند كه‌سێك بریندار بوونه‌ و زیانی ماددیش به‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌.



فه‌رزنك ئه‌حمه‌د بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌مڕۆ سەعات 1:30 تۆپخانه‌كانی ئێران جارێكی دیكه‌ ناوچه‌ كوێستانییه‌كانی سنووری باڵه‌كایه‌تییان تۆپباران كرده‌وه‌ و تاوه‌كو كه‌مێك پێش ئێستاش به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام ئێستا تۆپبارانكردنه‌كه‌ ڕاگیراوه."



بەڕێوەبه‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران گوتی: "به‌ هۆی ئه‌و تۆپبارانەوە‌ زیانی گیانیش هه‌بووه‌ و چه‌ند كه‌سێك بریندار بوونه‌ و زیانی ماددیش هه‌بووه‌ و ناوچه‌كه‌ سووتاوە."



فه‌رزنك ئه‌حمه‌د دەشڵێ: "بە شێوەیەکی هەڕه‌مه‌كی ناوچه‌كه‌ تۆپباران ده‌كرێت."
kdp-
Top