خۆپیشاندان له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و ده‌روازه‌ى كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتیی گیرا

 خۆپیشاندان له‌ به‌سڕه‌ ده‌ستى پێكرده‌وه‌ و ده‌روازه‌ى كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتیی گیرا
له‌گه‌ڵ زیاتربوونى ئاڵۆزییه‌كان له‌ شاره‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نۆیه‌م ڕۆژى خۆپیشاندانه‌كانه‌ به‌هۆى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و ته‌شه‌نه‌كردنى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، زیاتر له‌ 250 كه‌س، له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى كێڵگه‌ى زوبێرى نه‌وتی له‌ به‌سڕه‌، خۆپیشاندانیان ده‌ست پێكرده‌وه‌.

به‌رپرسانى كێڵگه‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای "ئینی"ى ئیتاڵییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، ڕایان گه‌یاند، پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت، تائێستاش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئه‌مڕۆ نۆیه‌م ڕۆژه‌، خۆپیشاندان زۆرێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت شاره‌ شیعه‌نشینه‌كان، كه‌ داواى خزمه‌تگوزاریی و ئاو و كاره‌با و هه‌لى كار و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی، ده‌كه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌هه‌زاران كه‌س چوونه‌ نێو فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانى سه‌ر به‌ حكوومه‌ت و چه‌ندین باره‌گاى حزب و لایه‌نه‌ شیعه‌ میلیشیاكانى نزیك له‌ ئێرانیان، ئاگر تێبه‌ردا.

له‌به‌رامبه‌ردا، حكوومه‌تى ماوه‌ ته‌واوبووى حه‌یده‌ر عه‌بادى، جگه‌ له‌ كوشتنى نزیكه‌ى 15 خۆپیشانده‌ر و برینداركردنى سه‌دانى دیكه‌، ده‌ستی كردووه‌ به‌هه‌ڵمه‌تى ڕه‌شبگیری خۆپیشانده‌ران و هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستگیركردنى هه‌ركه‌سێك ده‌كات، هه‌وڵى خۆپیشاندان، بدات.










باسنيوز
Top