لەسەر ڕێگای ھەولێر - کۆیە کەسێک بە ڕووداوێکی ھاتوچۆ گیانی لەدەست دا

لەسەر ڕێگای ھەولێر - کۆیە کەسێک بە ڕووداوێکی ھاتوچۆ گیانی لەدەست دا
گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر ئاشکرای کرد، کە کەسێک بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ، لەسەر ڕێگای ھەولێر - کۆیە، گیانی لەدەست دا.

ئەمڕۆ سێشەممە 17/7/2018، موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، کە کاتژمێر 5ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای ھەولێر - کۆیە و لە نزیک بەردەباز، تانکەرێکی گواستنەوەی نەفتی ڕەش بە ھۆکاریکی نادیارەوە کۆنتڕۆلی لەدەست دا و لەدوای ئەوەی خۆی کێشا بە ڕاگری لاتەنیشتی رَێگایەکە، ئینجا لە ڕێگا دەرچوو و و وەرگەڕا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە دوای وەرگەڕانی، بەر لە دەرچوونی شۆفێرەکە لەناوی، تانکەرەکە گڕی گرتووە،بۆیە شۆفێرەکەش لەگەڵ تانکەرەکە بە تەواوی سووتا و گیانی لەدەست دا، ئەمەش وای کردووە نەتوانرێت شۆفێرەکە بناسرێتەوە، تەنانەت ژمارەی تابلۆی تانکەرەکەش سووتاوە و نەماوە.

گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر داوا لە شۆفێران دەکات و دەڵێت: "داوا لە شۆفێرانی بەڕێزمان دەکەین وە تکایان لێ دەکەین، کە بەردەوام بەو خێراییە بڕۆن، کە لە شەقامەکاندا دیاری کراوە، ھەروەھا بە ھیلاکی و بەخەواڵووییش لێخوڕین نەکەن، چونکە بۆ نانەوەی کارەساتێکی لەم شێوەیە، تەنیا یەک چرکە چاونوقاندن بەسە".








باسنيوز
Top