له هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌ر دەیان ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و سه‌دان چه‌كدا گیراوه
دوای ئەوەی له شاری هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ئامێره قهدهخهكراوهكان دەستیپێکرد، تاکوو ئێستاش ئەو هەڵمەتە بەردەوامی هەیە و به‌و هۆیەوە سه‌دان تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون و ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ك و ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌دا گیراوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه له ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا هیچ حاڵه‌تێكی تاوان و كوشتن به‌چه‌ك روونه‌دات.
هاوکات لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، بە کوردستان٢٤ـی رایگەیاند: "ئەو هەڵمەتەی دەستپێکراوە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و ئەو کارەش تا رادەیەکی زۆر رێژەی تاوانی کەم کردووەتەوە".
گوتیشی: "لەو رۆژەوەی ئەو هەڵمەتە دەستپێکراوە، چاو پۆشی لە هیچ کەس نەکراوە، بێ جیاوازی سەرجەم سەرپێچیکاران دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، بەپێی جۆری تاوانەکانیان رەوانەی دادگا کراون".
k24-
