كەركووك.. لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا حكوومەت بەشێك لە فەرمانبەرانی بەغدا و باشووری عێراق دەگوازێتەوە شارەكە

 كەركووك.. لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا حكوومەت بەشێك لە فەرمانبەرانی بەغدا و باشووری عێراق دەگوازێتەوە شارەكە
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستا،ن ڕای دەگەیەنێت، لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا، حكوومەتی عێراق، بەشێك لە فەرمانبەرانی بەغدا و باشووری عێراق بۆ كەركووك دەگوازێتەوە.

عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، ڕايگەیاند: "پرۆسەی بەعەرەبكردنەوەی كەركووك درێژەی هەیە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كار بۆ ئەوە دەكەن كە كوردەكانی كەركووك شارەكەیان چۆڵ بكەن، بە فشار خستنە سەر خەڵك و دەستگیركردنی گەنجان بەبێ هۆ و دروستكردنی دۆخێكی ترس ئامێز لە ناو شارەكەدا".

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە تەنانەت هەڵكوتانە سەر هاووڵاتییان و ڕفاندنیان لە دەوروبەری كەركووك، پاشان بڵاودەكرێتەوە كە داعشە، گوتیشی: ”ئەوا بە ئاشكرا لێرەوە دەیڵێم كە حەشدی شەعبی بەو كردەوانە هەڵدەستن و بەتایبەت ئەو چەكدارانە بە پیلان هەڵدەكوتنە سەر گوندە كوردنشینەكانی دەوروبەرە داقووق و دووبز بۆ ئەوەی خەڵكەكەی ئاوارە بن و جارێكی تر نەگەڕێنەوە گوندەكەیان و پاشان بە ئاسانی تەعریبی بكەنەوە“.

ئاشکراشی کرد، کە بە هۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە كەركووك بە رێككەوتن ڕادەستی حەشدی شەعبی كرا و ئێستا میلیشیا شیعەكان بە ئارەزووی خۆیان دەستیان كردووە بە تەعریبكردن و دۆخی ئەمنی پارێزگاكەش تێك چووە.

عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، ئاماژە بەوەش کرد، کە ئێستا حكوومەتی عێراق بەشێك لە فەرمانبەران لە بەغداو باشووری عێراقەوە دەگوزاێتەوە بۆ كەركووك، ئەمەشیان هەر لەچوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبكردن دایە.









باسنيوز
Top