حکوومەت ڕوونکردنەوەیەک بە دانیشتووانی تەلار ستیی ھەولێر دەدا

 حکوومەت ڕوونکردنەوەیەک بە دانیشتووانی تەلار ستیی ھەولێر دەدا
بەھۆی کەمئاوی و نەبوونی کارەبای نیشتمانی لەنێو پڕۆژەی تەلار ستی لە ھەولێر، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر ڕوونکردنەوە دەدەن.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، لەبارەی کەمئاوی لە پڕۆژەی تەلار ستی، ڕايگەیاند: ”ئەوان کێشەی تۆڕی ئاویان نییە، بەڵام دوو بیریان ھەیە و پێویستیان بە بیری سێیەمیش ھەیە، پێشتر 750 خانوو بووە و ئێستا بوون بە 840 خانوو، بە پێی ئەوەی من دەیزانم ئێستا ڕەزامەندی بۆ لێدانی بیرێکی دیکەیان بۆ کراوە، ئەگەر پرۆژەی کارەباکەشیان تەواو ببێت و بڕێکی زیاتری کارەبایان بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ مۆلیدەکانی خۆیان، ئەوا بەدڵنیاییەوە کێشەکەیان بە ڕێژەی %95 چارەسەر دەبێت، واتە کێشەی ئەوان تەنیا پەیوەندی بە بڕی دابینکردنی کارەباوە ھەیە“.

لەبارەی نەبوونی کارەبای نیشتمانی لە تەلار ستی، حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر، ڕايگەیاند: ”ئەوان سێ گرفتیان بۆ پێدانی کارەبا ھەبوو، یەکێکیان ئەوەیە، کە ئەو کۆمپانیایەی ئەو پرۆژەیەی دروست کردووە، مۆڵەتی پێشکەش نەکردووە، چونکە یەکێک لە ڕێنماییەکانی ئێمە بۆ پێدانی کارەبا بە ھاوبەشی کارەبا، ھەبوونی مۆڵەتە، خاڵی دووەم تۆڕی کارەبای پڕۆژە پێویستە بە ئاگاداری و سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا ئەنجام بدرایە، بەڵام کۆمپانیاکە خۆی جێبەجێی کردووە و بێ ئاگاداری، ھەروەھا ئەو تۆڕەی کە جێبەجێ کراوە، بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کارەیا پێویستە بە ژێر زەوی بکرایە، بەڵام کۆمپانیاکە بە ھەوایی کردوویەتی".

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر گوتیشی: "بۆ بابەتی پێدانی کارەبا بەم پڕۆژەیە ئێمە نووسراومان بۆ وەزارەتی کارەبا بەرز کردەوە، لە وەزارەتیشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز کراوەتەوە، بۆ ئەوەش لە ئەنجومەنی وەزیران لێژنەیەکی بەدواداچوون پێکھێنراوە بۆ چارەسەری سەرجەم گرفتەکانی تەلار ستی، چونکە تەنیا گرفتی کارەبایان نییە، بە پێی ئاگاداری من ئەو لێژنەیە زۆر بە جددی بەدواداچوون دەکەن، چونکە ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی وەزیران بە جددی وەرگیراوە، ھەروەھا ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانین لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەگوترێ لە ھەفتەی داھاتووەوە کارەبای نیشتمانی بۆ پرۆژەکە دابین دەکرێ، حوسێن حەمە دەڵێت: ”من ھیچ ئاگادارییەکم لەسەر ئەو بابەتە نییە، ناشڵێم ڕاستە یان ڕاست نییە“.

بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەی گەڕەکی تەلار ستی، کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی کەسنەزان، ماوەی چوار ساڵە دروست کراوە و تا ئێستا کارەبای نیشتمانی بۆ دانیشتوانی گەڕەکەکە دابین نەکراوە، ھەروەھا کێشەی کەمئاوییان ھەیە، خزمەتگوزاریی وەک قوتابخانە و باخچەی ساوان و دایەنگەشی تێدا نییە.









باسنيوز
Top