زۆرکردنی باجی چوونە دەرەوە لە ئێران کێشەی بۆ خەڵکی رۆژهەڵات دروستکردووە

زۆرکردنی باجی چوونە دەرەوە لە ئێران کێشەی بۆ خەڵکی رۆژهەڵات دروستکردووە

زۆرکردنی باجی چوونە دەرەوە لە ئێران، کێشەی بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە کە هەم خزمایەتییان لەگەڵ دانیشتووانی پارچەکانی دیکە کوردستان هەیە و هەمیش بەشێکی بەرچاویان لەرێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ باکوور و باشووری کوردستان بژێوی خۆیان دابین دەکەن.

نوێنەری قەسەری شیرین و داڵاهۆ لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ، پێویستە لە پەرلەمان پێداچوونە بە یاسای وەرگرتنی باج لە ناوچە سنوورییەکاندا بکرێت چوونکە بووەتە هۆکاری دروستبوونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

هاتووچۆ لە سنوورەکانەوە تاوەکو دێت دژوارتر دەبێت. پەرلەمانی ئێران لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵیدا باجی چوونە دەرەوەی زیاتر لە ئاستی ئاسایی بەرز کردەوە. ئەمە بەشێوەی ئاشکرا کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی سنوورنشین داناوە.

خەڵکێک کە بەزۆر هۆکار لەم سنوورانەوە هاتووچۆی زۆر دەکەن. بەڵام ئەمە گران بۆیان تەواو دەبێت. باجی چوونە دەرەوە کە ئێران وەریدەگرێ، بۆ کەسێک کە یەکەم سەردانی دەرەوە بکات 220 هەزار تمەن، دووەمجار 330 هەزار تمەن و سێیەمجار و زیاتریش 440 هەزار تمەنە. پێشتر ئەمە بۆ هەر کەسێک 25 هەزار تمەن بوو.

ئەو کاتیش کە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرا، یاسای باجی چوونە دەرەوە کێشەی زۆری لەسەر دروست بوو. بەڵام لە کۆتاییدا پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پەسندی کرد.

بەڵام دوایی وردە وردە دەنگی ناڕەزایەتییەکان زیاتر بوو. حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری شارەکانی داڵاهۆ و قەسری شیرین، دەڵێ: گەورەترین کێشەیەک کە لە سنوورەکاندا هەیە بەرزبوونەوەی بڕی باجی چوونە دەرەوەیە. کە بەگوتەی فەلاحەت پیشە، لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کێشەی زۆری دروست کردووە. ئەو جەختدەکاتەوە کە پەرلەمان دەبێت ئەم یاسایە هەموار بکاتەوە.

فەلاحەت پیشە دەڵێ: یاسای زۆرترکردنی باجی چوونەدەرەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بۆ نەکراوە و بەم یاسایە خۆمان گەرمارۆمان لەسەر خۆمان داناوە.

زۆر بنەماڵە کەسوکاریان لە هەر دووبەری سنووردا هەیە و هاتووچۆی بەردەوامیان هەیە، بەڵام بەم بڕیارە ئەم پەیوەندییانە زۆر کەم دەبێتەوە و بەمەش نێوان بەشەکانی رۆژهەڵات و باشوور و باکووری کوردستان زیاتر لێک دادەبڕێن.

پێشتریش هەندێ لە نوێنەرانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەم یاسایە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو. ماوەیەک پێش هادی بەهادۆری، نوێنەری ورمێ گوتی: دانیشتووانی سنوورەکان ئاڵوگۆڕی کاڵابەکاڵا و بازرگانی دەکەن، کەوابوو ناچارن لە سنوورەکانەوە بۆ دابینکردنی بژێوی دەرباز بن، بەڵام بەرزکردنەوەی باج کێشەی زۆری بۆیان دروستکردووە.

بەگوتەی بەهادۆری پڕۆژەیاسایەک بۆ چاکسازی لەم یاسایەدا ئامادە کراوە، کە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە دەبێت باجی چوونە دەرەوە وەک ساڵانی پێشووی لێبکرێتەوە، کە 25 هەزار تمەن بوو.

ئەم یاسایە بووە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس کە رۆژانە لە سنوورەکانەوە هاتووچۆیان دەکرد، بۆیە لە هەندێ لە شارەکانی پارێزگای ورمێدا ناڕەزایەتی دروستکرد.
rudaw-
Top