ئێران.. تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد بە سووتاوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە

 ئێران.. تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد بە سووتاوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە
دوای دە ڕۆژ لە ونبوونی (مریەم فەرەجی) چالاکی خوێندکاری کوردی دانیشتووی کەرەج، پۆلیسی کەرەج بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە مەبستی ناسینەوەی تەرمی سووتاوی کچەکەیان سەردانی ئەو ئیدارەیە بکەن.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) پۆلیسی کەرەج بە بنەماڵەی (فەرەجی)یان وتوو ەکە تەرمی مریەممان دۆزییەتەوە و پزیشکی یاسایاییش بە وەرگرتنی DNA لە باوکی پشتڕاستی کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەرەجی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو زانیارییانە ڕای گەیاند کە بنەماڵەی مریەم ئێستا لەباری دەروونییەوە لە دۆخێکی شپرزە دان و حازر نین بە مەبستی بینینی ئەو تەرمە سووتاوە سەردانی پزیشکی یاسایی کەرەج بکەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی پۆلیس بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تەرمی مریەم بە سووتاوی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دۆزراوەتەوە.

بنەماڵەی مریەم فەرەجی ڕایان گەیاندووە کە کچەکەیان لەگەل هیچ کەسێک کێشەی تاکەکەسی نەبووە و سوورن لەسەر ئەوەی کە مریەم لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نزیکە لە بنەماڵەی فەرەجی لە درێژەدا گوتی ئەگەر ئەو تەرمە سووتاوە تەرمی مریەم بێت، ئەوا بەرپرسیاریتیی کوشتنی ناوبراو دەکەوێتە ئەستۆی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران.

پێشتر هەنگاو بڵاوی کردبوویەوە کە رۆژی پێنج‌شەمە 2018/7/5 هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری کەرەج کچه چالاکی مەدەنی و خوێندکارێکی کوردیان بەناوی مریەم فەرەجی دەستگیر کردووە.

مریەم فەرەجی تەمەن ٣٣ ساڵ و خوێندکاری رشتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی بەشی دارایی دامەزراوەیەک لە شەهریاری کەرەج بووە کە ڕۆژی ١٢ی بەفرانبار هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان بەدژی حکومەت بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دەستگیر و لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگیرابوو.

دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو کچە کوردە بەهاری ئەمساڵ لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەدزاده بەڕێوە چوو، کە بە ٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیر، هەروەها ڕێگریکران بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە چوونە دەرەوەی بۆ ئێران حوکم درا.

مریەم فەرەجی خەڵکی شاری سەرپێڵ‌زەهاوی کرماشان و دانیشتووی شاری کەرەج بووە.











باسنيوز
Top