میدیاکان: ئاڵۆزییەکان لە بەسڕە لە کۆنرۆڵ دەرچوون
بە گوتەی ڕێکخەری خۆپیشاندەران، ئەوان لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبن هەتا ماف و ویستەکانی خۆیان دەستەبەر نەکەن.
هەر ئەمڕۆ بە بڕیاری قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەرانی پۆلیسی دوو پارێزگای نەجەف و بەسڕە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و شایەتحاڵان باس باس لەوە دەکەن کە کۆنترۆڵی ئەمنیەت لەدەست هێزە ئەمنییەکان نەماون و لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە بەسڕە چوار خۆپیشاندەر کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بیناکانی پۆلیس و قایمقامیەت و چەند بینایەکی دیکەی حکوومەتی لەلایەن خەڵکەوە کۆنترۆڵ کراون و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری باڵی بەسەر بەسڕەدا کێشاوە و هاوکات لە دیوانیە و بابلیش خۆپیشاندانە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە دیوانیە 10 خۆپیشاندەر بریندار بوون و بە بۆنەی ئاڵۆزییەکانەوە هەموو گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نەجەف ڕاگیراون.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە شارەکانی عێراق کە ماوەی یەک هەفتەیە دەستی پێکردووە، ناوەندە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ پێشگیری و کۆنترۆڵی خۆپیشاندەران، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک و ئینستاگرام) یان ڕاگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی گرفت بۆ ناوەندەکانی ڕاگەیاندن.
باسنيوز
