مەریوان نەقشبەندی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان لەو تاوانانهی بەرانبەر بە پێكھاتەكان دەكرێت، ئاگادار كردووەتەوە
داعش زۆر تاوانی دڕندانەی دژی پێكھاتەكانی عێراق ئەنجام دا كە بەشێكیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كەموێنەن، بەڵام دوای پڕۆسەی داگیركاریی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان درێژەیان بە ئەنجامدانی تاوانەكان داوە، لەوبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی، ئەندامی لیژنەی باڵای بەدۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەت و ھێزە چەكدارەكانی عێراق لە ناوچە داگیركراوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، چەندین پێشێلكارییان ئەنجام داوە بەرانبەر بە خەڵكی ئەو ناوچانە و ئێمە وەك لیژنەی باڵای بەدۆكیۆمێنتكردن، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانمان ئاگادار كردووەتەوە و ھەموو ئەو پێشێلكاریانەشی لە شنگال و كەركووك و خورماتوو و خانەقین ئەنجام دەدرێن، تۆماریان دەكەین و بە دۆكیۆمێنت دەكرێن".
بە ھۆی ھێرشی تیرۆریستانی داعشەوە، بەشێكی زۆری شوێنە ئایینی و پەرستگەكان تێك دراون و پێویستیان بە نوژەنكردنەوە ھەیە، بەڵام وەك نەقشبەندی روونی دەكاتەوە، جیاوازی لە نێوان پێكھاتەكاندا دەكرێت لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە و ھیچ ھاوكارییەكی ماددی بۆ نوژەكردنەوەی پەرستگە و شوێنە ئایینییەكان خەرج ناكرێت، جگە لە شوێنە پیرۆزەكانی شیعە. دەشڵێت: "لە ئێستادا حكوومەتی بەغدا بڕیاری نوژەكردنەوەی ھەموو حوسەینییەكانی سنووری پارێزگای نەینەوای داوە، بە بێ ئەوەی یەك دینار بۆ نوژەكردنەوەی شوێنە ئایینییەكانی ئێزدی و كریستیان خەرج بكرێت، ئەمە لە كاتێدایە ٥٠%ی ئەو مەزارگە و پەرستگانەی تێك دراون، ھیی كوردانی ئێزدین".
كاكەیی و باوەڕدارانی ئایینی یارسان، بەشێكی دانەبڕاو و رەسەنی میللەتی كوردن و لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش زوڵم و ستەمی زۆریان چەشت، لە ئێستایشدا بە ھۆی نەمانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان، كوردانی كاكەیی دیسانەوە جینۆساید دەكرێن، ئەو بەرپرسەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە سنووری كەركووك و سەڵاحەددین و دیالە رووبەڕووی پڕۆسەی جینۆسایدكردن بوونەتەوە و لە ھەر ٢٤ سەعاتێكدا ماڵێك یان شوێنێكیان دەكرێتە ئامانج، ئەو پێكھاتەیە ھانای بۆ ھەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان ھێناوە، كە دوای نەمانی ھێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورانە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن داعش و حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دەدرێن.
پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو زوڵمەیش ئاگادار بكرێتەوە كە حەشد و ھێزە عێراقییەكان لە دوای داعش بەرامبەر بە پێكھاتەكان ئەنجامی دەدەن. پەیوەست بەو بابەتە، مەریوان نەقشبەندی كە ھاوكات بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، روونی كردەوە: "ھەموو ئەو تاوانانە بەدۆكیۆمێنت دەكەین و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان لەو زوڵم و ستەمەی بەرانبەر بە پێكھاتەكان دەكرێت، ئاگادار كردووەتەوە، ئەوانیش لە ئێستادا داوای گەڕانەوە پێشمەرگە دەكەن بۆ ئەو ناوچانە تا بیانپارێزن، پێكھاتەكان دەڵێن كە ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەكانیان، ئەنجامدانی تاوان بەرانبەریان بەردەوام دەبێت، چونكە كە پێشمەرگە لەو سنوورانە بوو، خەڵكەكە پارێزراو بوون و بەرگرییان لێ كراوە".
kdp -
