ئەمڕۆ پرۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە دهۆك ئەنجام دەدرێ

 	 ئەمڕۆ پرۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە دهۆك ئەنجام دەدرێ
پاش ئەوەی دەنگەكانی سنووری پارێزگای كەركووك، سلێمانی و هەولێر بە دەست هەژمار كران، بڕیارە ‌ئەمڕۆ شەممە لە سنووری پارێزگای دهۆكیش ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت. بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 1ی پارتییش دەڵێ، ئامادەكارییان كردووە و گەشبینن بەوەی دەنگەكانیان زیاد دەكەن.

خالید ئەحمەد دۆسكی، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 1ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك، پێوەست بەم پرسە، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە دەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان بگەنە شاری دهۆك و دەست بە هەژماركردنی دەنگەكان بە دەست بۆ ئەو سندووقانە بكەن كە تانە و سكاڵایان لەسەرە لە سنووری پارێزگای دهۆك و، وەك پارتییش پێنج بریكارمان ئامادە كردووە و لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئامادە دەبن و چاودێریی پرۆسەكە دەكەن".

دۆسكی جەخت دەكاتەوە: "چۆنیەتیی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست، بە دوو لیست بە دەستمان گەیشتووە، یەكێكیان 107 سندووقە و پێشتر هەژمار كراون و هەندێك كێشەی تەكنیكییان هەیە، بۆیە ئەگەری هەژماركردنەوەیان زیاتر تەكنیكییە و بڕیارە بە دەست هەژمار بكرێنەوە، چاوەڕێیش دەكەین دەنگەكانی پارتی زیاد ببن ".

خالید دۆسكی گوتی: "لیستی دووەمیش هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بۆ 224 سندووق دەبێت كە 197 سندووقیان هیی ئاوارەكانن، بەداخەوە پێشتر هەژمار نەكرابوون و،خەڵكی خۆشەویستی شنگال بێبەش كرابوون لە دەنگەكانیان و خۆشبەختانە ئەو سندووقانەیش هەژماری دەنگەكانیان بە دەست بۆ دەكرێ و گەشبینین كورسییەكی دیكە بۆ پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا زیاد ببێت، خەڵكی شنگالیش كە زۆر زوڵمیان لێ كرا لەو هەڵبژاردنەدا، نوێنەرەكانیان سوود لەو سندووقانە وەربگرنەوە بۆ ئەوەی ریزبەندییان لەنێو لیستی پارتیدا چاك بكرێتەوە و دەنگی پارتییش زیاد بكرێت".

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 12ی ئایاری 2018دا ئەنجام درا و بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراقیش بە ئەنجامەكەی ناڕازی بوون، بۆیە دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریان دا كە دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە، بە تایبەت ئەو سندووقانەی تانە و سكاڵایان لەسەرە.

kdp -
Top