سێ سەرکردەی باڵای گۆڕان زویر بوون
هەریەک لە قادری حاجی عەلی، عەبدوڵای کوێخا موبارەک و عوسمانی حاجی مەحموود، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان نەکردووە و نیگەرانییان لە دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە هەبووە، هاوکات پێشنیاز و تێڕوانینی تایبەتیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبووە.
لەمبارەیەوە نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: "جڤاتی نیشتمانی، سەرکردایەتیی دارایی، کارگێڕی، سیاسی و بوارە جیاوازەکانی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، ئەگەر پێویست بکات دوو مانگ جارێک یان مانگی جارێک جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکات“.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو کە لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا باسی ھەڵبژاردنەکان و کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان کراوە و بزووتنەوەکەش، “بەدەر نییە لە کێشەی ناوخۆیی، بەڵام ھەوڵی ئەوە دەدرێت، لەلایەن لیژنەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین”.
بە گوتەی نەسرەدین مەحموود، ئەو زانیارییانەی باس لە وازھێنانی قادری حاجی عەلی، عەبدوڵای کوێخا موبارەک و عوسمانی حاجی مەحموود، دەکرێت، ڕاست نییە و وازیان نەھێناوە، بەڵام: “پێشنیار و بەدیلیان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، هاوکات پڕۆژەی ئەو بەرپرسانە لە چوارچێوەی دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان خۆی دەبینێتەوە، بێگومان لیژنەیەکی دیاریکراو کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکات”.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، دەربارەی بە بنەماڵەییکردنی بزووتنەوەکەیان و قۆرخکردنی دارایی بزووتنەوەکە لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە، ئاماژەی بەوە دا: "تاوەکوو ئێستا کارگێڕی و دارایی سەرپەرشتی دارایی دەکات، تا ئێستا گۆڕان نەبووە بە حزبی بنەماڵەیی، بگرە ئەوەی ھەوڵی بە بنەماڵەییکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بدات، سەرکەوتوو نابێت“.
باسنيوز
