ئەمریکا داوای 300 ملیۆن دۆلار بۆ بەشێکی کوردستان دەکات

 ئەمریکا داوای 300 ملیۆن دۆلار بۆ بەشێکی کوردستان دەکات
نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش داوای 300 ملیۆن دۆلار بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکات.



بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، برێت مەکگۆرک، نێردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماژەی بە چوونە دەرەوەی سەربازانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووە.



برێت مەکگۆرک داوای لە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ رۆژئاوای کوردستان دابین بکەن و یەکەی تایبەتی سوپاش بنێرنە ئەو ناوچەیە بۆ جێگرتنەوەی هێزە ئەمریکییەکان، کە بە چەند قۆناغیک دەکشێنەوە.



چەند یەکەیەکی تایبەتی سوپای ئەمریکا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریان بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) لە دژی داعش.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.




باسنیوز
Top