ئیدارەی كەركووك دەیەوێت خەڵكی سێ گوندی كوردنشین دەربكات
بە بیانووی زێدەڕۆییەوە، ئیدارەی كەركووك داوای لە خەڵكی گوندەكانی ھەنجیرە، چۆپلیجە و باجوانە كردووە كە خانووەكان چۆڵ بكەن و خاپووری دەكەن، لەبەر ئەوەی موڵكی كۆمپانیای نەوتی باكوورە، بەڵام تا ئێستا خەڵكەكە ئامادە نییە گوندەكان چۆڵ بكات.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی بەعەرەبكردن لە شاری كەركووك بەردەوامە و ھەر جارەو لە ژێر ناوێكە، داواكاریی ئیدارەی كەركووكیش بۆ چۆڵكردنی ئەو سێ گوندە، ھەر لە چوارچێوەی بەعەرەبكردنە، چونكە دەیانەوێت كورد چۆڵی بكات و دواتریش عەرەبی بۆ ھاوردە بكەن، ئەوان بە ھەموو شێوەیەك دژایەتیی كورد دەكەن لە كەركووك و نایانەوێت كورد لەوێ بوونی ھەبێت".
حوسێن ڕوونیشی كردەوە، ھێزە ئەمنییەكان دەیانەوێت بە زۆر و بە ھەڕەشە وا لە دانیشتووانی ئەو سێ گوندە بكەن خانووەكانیان چۆڵ بكەن و گوشاری زۆریان بۆ هێناون، بەڵام تاوەكو ئێستا خەڵكەكە خۆی راگرتووە و ئامادە نین چۆڵی بكەن، وەلێ دواجاریش پێیان چۆڵ دەكەن، چونكە ھیچ كەسێك نییە پارێزگارییان لێ بكات.
ئەو بەرپرسەی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد: "پێویستە چارەی ئەو بابەتە بكرێت و ناكرێت بێدەنگ بین، كوردیش پێویستە لە دانوستانی پێكھێنانی كابینەی نوێدا، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك بكاتە مەرجێكی سەرەكی، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، كورد لە كەركووك ناھێڵن و ھەمووی بەعەرەب دەكرێت".
kdp-
