"ڕەوشی کەرکووک ناسەقامگیرە و خەڵکی لە دڵەڕاوکێدان"

بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئامانجی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەھێشتنی کورد بووە لە پارێزگای کەرکووک. دەشڵێ، ڕەوشی کەرکووک زۆر ناسەقامگیرە و دڵەراوکێیەکی زۆر لە نێو خەڵکدا ھەیە، چونکە عەبادی نەیتوانی سەرکەوێت لەوەیدا کە گوایە داعش کۆتایی پێ ھاتووە، ئەمەش تەنیا موزایەدەی سیاسیی پێش ھەڵبژاردن بوو.



ڕۆژی ٩/١٢/٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کۆتایی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھاتووە و سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە، بەڵام ماوەیەکە تیرۆریستانی داعش جموجووڵەکانیان لە کەرکووک و دەوروبەری لەگەڵ ھەندێک ناوچەی تر دەست پێ کردووەتەوە، ئەمەش ناکۆکی و نیگەرانیی خەڵکی عێراق و ئەو ناوچانەی لێ کەوتەوە.



سەبارەت بەم پرس و بارودۆخەی کەرکووک و ناوچەکانی دی، د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارودۆخێکی زۆر ناسەقامگیر و دلەراوکێیەکی زۆر لە نێو خەڵکدا ھەیە، بە تایبەت لە نێوان ھەرسێ قەزای دوبز، خەویجە و داقووق، ئەمانە سێ قەزای سەرەکیی کەرکووکن، بارودۆخەکە زۆر نائارامە و جموجووڵی چەکداری و تیرۆریستی یەکجار زۆرە، کە داعش بەشێکن لەو چەکدارانە و ھێزی تریش لەو ناوچانەدا ھەیە، ھەروەھا ئەو بارودۆخەی کە لە عێراق ھەیە بە گشتی زۆر بارگاوییە بە ھەندێک موزایەدەی سیاسی، چونکە حەیدەر عەبادی بەدەر نییە لەو بارگاویبوونەی کە لە ھەر ھاوکێشە و بابەتێکدا دنیایەک موزایەدەی سیاسی بەسەر عێراق و خەڵکی عێراقدا دەکات".



دەربارەی ھێزی ئەمنی و سەقامگیریی کەرکووک، د. محەمەد خورشید دەڵێ: "لە ڕاستیدا عێراق نەیتوانی سەرکەوێت لەوەیدا کە گوایە داعش کۆتایی پێ ھاتووە، ئەمە تەنیا موزایەدەی سیاسی بوو، بێجگە لە موزایەدە ھیچی تر نەبوو، بە پێی ماددەی ١٤٠ی دەستووریش کە لە دەستووردا بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناسراوە، ئەو ناوچانە ناوچەیەکن گرفتیان لەسەرە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا و دەبێ مەلەفەکانی لە نێوان ھەردوولادا جێبەجێ بکرێت، واتا بە پێی ماددەی دەستووری و بە پێی تەفسیری دادگای ئیتحادی پێویستە ھێزی ھەرێم لە کەرکووک و ناوچەکانی تر هەبێت و ئەمە شتێکی زەروورییە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئەو شارانە لە تیرۆریستان، چونکە دەرکەوتووە کە ھێزی عێراقی بە تەنیا ناتوانن ئەو ئەمنییەتە جێبەجێ بکەن".



لە لێدوانێکیشیدا ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاندبوو: "ئامانجی حەیدەر عەبادی نەھێشتنی پێشمەرگە بوو لە سنووری ئەو پاڕێزگایە، ئیستاش عەبادی درکی بەوە کردووە کە بەبێ بوونی پیشمەرگە سەقامگیری لەو شارە مەحاڵە".



بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک ڕایشیگەیاند: "ئامانجی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەھێشتنی کورد بووە لە پارێزگای کەرکووک و ئەو ناوچە کێشەلەسەرانە، مەسەلە تەنیا نەھێشتنی پێشمەرگە نییە، بانگەشەی عەبادی بەوەی کە پێشمەرگەی لە کەرکووک بەدەرناوە، بانگەشەیەکی نادروستە، چونکە کەرکووک بە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراق، ئەو شەڕەی کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری پار لە پردێ و لە ٢٦ی ھەمان مانگ لە سحێلا کرا، ئەگەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووکیش بکرابایە، ھێزەکانی ئیتحادی ئەو توانایەیان نەبوو، بەڵام خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەمەیان کرد".


kdp-
Top