کوردانی شەبەک داوای کورسیی کۆتا لە پەرلەمان دەکەن
سالم شەبەک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانی بێبەشین لە پەرلەمانی کوردستان و داوامان کردووە وەک تایبەتمەندییەکی پێکهاتەیی کورسیی کۆتا بۆ کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی کوردستان دابین بکرێت."
ئەو دەشڵێت: "بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەم داوایەی کوردانی شەبەک قبووڵ بکەن و یادداشتمان بۆ چەندین جێگای پەیوەندیدار ناردووە بۆ ئەوەی ئەو مافە ڕەوایە بە کوردانی شەبەک بدرێت، چونکە شەبەکەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانین و دەبێ لە کوردستان تایبەتمەندییان پارێزراو بێت."
کوردانی شەبەک لە دەشتی نەینەوا دەژین و نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسن. لە دوای هاتنی داعش زۆربەیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، زۆریشیان لە لایەن حەشدی شەعبیەوە ئازار دراون و ئێستا لە هەرێمی کوردستانن.
شەبەک ئاماژەیشی دا: "کوردانی شەبەک بە هۆی کوردبوونیانەوە باجی زۆریان داوە، هەندێک لایەنی عێراقی بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت کوردانی شەبەک و ناوچەکانیشیان لە کوردستان دوور بکەن، لەبەر ئەمەش دەمانەوێ کوردستان گرنگیی زیاتر بە کوردانی شەبەک بدات و لە پۆستە ئیدارییەکان و کورسیی پەرلەمانیش بێبەش نەبن، بۆ ئەوەی پلانی دوژمنانمان سەرنەگرن و پێویستە تەواوی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەم داوایە ڕازی بن."
پەرلەمانی کوردستانی ١١ کورسیی کۆتای بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دابین کردووە و کوردانی ئێزدی و کاکەییش داوایان کردبوو کورسیی کۆتایان هەبێت، چونکە ڕیژەیان کەمە و ناگەنە پەرلەمان.
هەرێمی کوردستان مەڵبەندی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانە و لە جیهانیشدا بەوە ناسراوە کە کوردستان خۆی لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکاتە خاوەن.
kdp-
