پەرلەمانتارێك: كارەبای كەركووك دەدزرێت و دەدرێتە شارەكانی عێراق
ئەمیرە زەنگەنە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكیدا ڕای گەیاندووە، لە هەموو شارێكی پیشەسازی پلەی گەرما زیاتر تێیدا بەرز دەبێت و لەم وەرزی سەختەی هاویندا كە پلەی گەرما لە كەركووك دەگاتە 50 پلەی سەدی، كەچی ئەم شارە بێ وزەی كارەبا و بێ ئاوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە كەركووك چەند وێستگەیەكی كارەبای هەیە، لەوانە وێستگەكانی دووبز و مەلا عەبدوڵا و تازە كەچی كەركووك خۆی بێ وزەی كارەبای نیشتمانییە و ئێستا وزەی كارەبا لە كەركووكەوە دەدزرێت و بەرەو شارەكانی وەك بەغدا و تكریت و پارێزگای دیالە دەڕوات".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "بەشێك لە چاودێرانی دۆخی كەركووك ئاماژە بەوە دەكەن كە كەركووك وەك بەرمیلە بارووتە و دەتەقێتەوە، بەڵام پێم وایە ئەوەندە زوڵم و ستەم لە خەڵكی كەركووك كراوە، ئەو بەرمیلە بارووتە ڕق و كینی خەڵكی كەركووكە و پێویستە بتەقێتەوە بەم حكوومەتەی ئێستا و تەفروتونایان بكەن و كەركووكییەكان خۆیان شارەكەیان بەڕێوە ببەن".
باسنيوز
