قایمقامى شنگال: سنوورى عێراق و سووریا رادەستى پەکەکە و حەشدى شەعبى کرا
ئەمڕۆ سێشەممە مەحما خەلیل قایمقامى قەزاى شنگال رایگەیاند كە سوپای عێراق، سنوورى نێوان عێراق و سووریای رادەستى میلیشیاکانى حەشدى شەعبى و چەکدارانى پەکەکە کرد، ئەوەش دەبێتە هۆى نائارامى و ئاڵۆزى زیاتر لە ناوچەکە.
مەحما خەلیل لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دژایەتى خۆى و ئیدارەى شنگالی بۆ رادەستکردنى رۆژئاواى شنگال و ناوچە سنوورییەکان بە پەکەکە و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى راگەیاند و گوتی "دەبێتە هۆى تاڵانکارى زیاترى شنگال".
قایمقامى قەزاى شنگال گوتیشى ئەو زانیارییانەى بەدەست ئەوان گەیشتوون، پشتڕاستى کشانەوەى سوپاى عێراق لە رۆژئاواى شنگال و ناوچە سنوورییەکانى نێوان عێراق و سووریا و جێگیربوونى چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شوێنى سوپا دەکەنەوە کە ئەوەش خۆى لە خۆیدا دروستکردنى کێشەیەکى گەورەیە".
مەحما خەلیل لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتی "نیگەرانین لەوەى کێشەکان لەبرى چارەسەر زیاتر دەکرێن، هەرچەند زیاتر داوا بکەین کێشەکانى شنگال چارەسەر بکرێن، بەڵام گرووپە چەکدارەکانى سنوورەکە بەپاڵپشتى ناوخۆیی و دەرەکى، کێشەى زیاتر دێننە سەر شنگالى خاپوورکراو".
bas news-
